پلاتینیۆم گەیشتەوە نزیکەی 2400 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم ئەمڕۆ 79 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2376 دۆلار.
 
بەیانیی ئەمڕۆ پلاتینیۆم ئاستی 2391 دۆلاریشی تۆمارکرد. لە یەک هەفتەی رابردووشدا نرخی هەر ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 200 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
لە ئەمریکا مانگی رابردوو 50 هەزار هەلی کاری نوێ رەخسێندراوە؛ بێکاریش بۆ 4.4٪ دابەزیوە. ئەمە هانی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دەدات بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، ئەمەش نرخی پلاتینیۆمی بەرزکردووەتەوە.
 
هاوکات گرژییە جیۆسیاسییەکان، بەتایبەت خۆپێشاندانەکانی ئێران و هەڕەشەکانی ئەمریکا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینیۆمن. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەکە، کەمبوونەوەی بڕی پلاتینیۆمە لە بازاڕەکان دا. 
 
وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرەکی، بەتایبەتی ئەفریقای باشوور، بەدەست کەمیی وەبەرهێنان و گرفتە تەکنیکییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە بازاڕ بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک رووبەڕووی کورتهێنان ببێتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، خواستی پیشەسازی لەسەر پلاتینیۆم بە بەهێزی ماوەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی دروستکردنی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن.