وەزارەتی بازرگانیی عێراق: زیاتر لە 4000 کۆمپانیای عێراقی و بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە عێراق گەیشتووەتە 94,239 کۆمپانیا و زیاتر لە 5,000 کۆمپانیای بیانییش لە وڵاتەکە کار دەکەن.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی عێراق تاوەکو کۆتایی 2025، گەیشتووەتە 94,239 کۆمپانیا، کە بریتین لە کۆمپانیای سنووردار، پڕۆژەی تاکەکەسی، هاوبەش، بچووک و بەشدار."
بە گوتەی محەممەد حەنوون، کۆمپانیا سنووردارەکان زۆربەی کۆمپانیاکان پێکدەهێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق راشیگەیاند، "ژمارەی کۆمپانیا بیانییە تۆمارکراو و کاراکان لە عێراق گەیشتووەتە 5,372 کۆمپانیا، کە 3,271 لقی کۆمپانیای بیانی و 2,101 نووسینگەی نوێنەرایەتی لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی گرنگیدانی کۆمپانیا بیانییەکان بە بازاڕی عێراق."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، محەممەد حەنوون گوتی، "4,710 کۆمپانیا تۆمار کراون، کە 4,585یان عێراقین و 125یان بیانین، ئەمەش یەکپارچەیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە رێکخستنی چالاکیی بازرگانیدا بەهێزتر دەکات."