جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک: هەژاری و بێکاری زیاد دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک هۆشداری دەدات لەوەی زیادکردنی باج و گومرگ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، دەبنە هۆی دابەزینی نرخی دینار و رێژەی هەژاری.
د. عومەر مامۆ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک کە هاوکات پسپۆڕی شیکردنەوەی ئامارەکانە دەڵێت، حکومەت کاڵاکانی بۆ 21 بەش و 97 مادە دابەش کردووە، بەڵام شێوازی زیادکردنی رێژەی باجەکان لەگەڵ پێوەرە زانستییەکانی ئاماردا ناگونجێت.
د. عومەر مامۆ رەخنەی توندی لە شێوازی دابەشکردنی باجەکان گرت و گوتی، هاوسەنگ نییە.
دابەشکاریی باج و پێناسە گومرگییە نوێیەکانی عێراق بەم شێوەیەیە:
• ئەو کاڵایانەی 5% باجیان خراوەتە سەر، تەنیا 21%ی کۆی کاڵاکانن.
• ئەو کاڵایانەی 10% زیاد کراون، 25%ـی کاڵاکانن.
• زیادبوونێکی گەورە لەو کاڵایانەدایە کە باجەکەیان گەیشتووەتە نێوان 20% بۆ 25%، کە ئەمانە رێژەی زۆری بازاڕ پێکدەهێنن و 35%ی کۆی خشتەکە دەگرنەوە.
• تەنیا 8%ی کاڵاکان باجی 30%یان خراوەتە سەر.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "ئەم دابەشکردنە لە زانستی ئاماردا بە 'هەڕەمەکی' دادەنرێت و ناچێتە خانەی دابەشبوونی سرووشتییەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە بڕیارەکە لاستەنگیی تێدایە."
قسەکانی د. عومەر ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک دەشڵێت، "ئەم باجە زۆرە وای کردووە بازرگانان بۆ دەربازبوون لە رێکارە ئیدارییە ئاڵۆزەکان و باجی زۆر، روو لە بازاڕی هاوتەریب بکەن بۆ کڕینی دۆلار و پەنا بۆ قاچاخچێتی ببەن. ئەمەش وای کردووە نرخی 100 دۆلار لە 141 هەزارەوە بۆ نزیکەی 148 هەزار دینار بەرز ببێتەوە."
بە گوتەی د. عومەر مامۆ، جێبەجێکردنی سیستمی نوێی "ئەسیکۆدا" و زیادکردنی باجەکان، بازرگانانی تووشی شڵەژان کردووە، بە جۆرێک هەندێک لە بازرگانان فرۆشتنی کاڵاکانیان راگرتووە یان بەدوای دەروازەی دیکەدا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانیان.
ئەو دەشڵێت، "عێراق وڵاتێکی هاوردەکارە و 85%ی پێداویستییەکانی لە دەرەوە دەهێنێت، بۆیە هەر زیادکردنێکی باج راستەوخۆ کار دەکاتە سەر مووچەخۆران و هەڵاوسانێکی گەورە لە بازاڕدا دروست دەکات."
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر حکومەت پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا نەکات، بێکاری و هەژاری زیاتر بەرز دەبنەوە.
ئەو جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق هەرچەندە داهاتێکی زۆری نەوتی هەیە، بەڵام خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و فرەچەشن نییە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە ئابووریی جیهانی یان بڕیارە ناوخۆییەکان کاریگەریی توند لەسەر دۆخی بژێویی خەڵک دروست دەکات.
د. عومەر داواش دەکات کە بڕیاری لەم شێوەیە تەنیا لە دەستی حکومەتدا نەبێت، بەڵکو پەرلەمانی عێراق و لیژنە پسپۆڕەکان و ژوورە بازرگانییەکان بەشدارییان پێ بکرێت، تاوەکو بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕدا بن، نەک ببنە هۆی سستبوونی بازرگانی و بارگرانی بۆ هاووڵاتییان.