نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ کەمتر لە 2900 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە پاشەکشەی کرد، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا.
 
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان دەکەن؛ لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش لەسەر ئەوەی پەلە لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی ناکەن، بە ئەگەری زۆرەوە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕن.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی چوارشەممە بە ریژەی 0.1% دابەزی و بە 2895 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە ریژەی 0.4% دابەزی و بە 2922 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئابووریی وڵاتەکەی لە بارودۆخێکی باشدایەوە و پەلەیان نییە سوودی بانکی بە خێرایی دابەزێنن.
 
زێڕ وەکو وەبەرهێنانێک لە دژی هەڵاوسان هەژمار دەکرێت، بەڵام بەرزیی رێژەی سوودی بانکی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیا راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی نرخی زێڕ هۆکاری کۆکردنەوەی قازانجی پێوە دیارە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان بڵاودەبنەوە، ئەگەر هەڵاوسان بەرزبووبێتەوە ئەوا نرخی زێڕ دادەبەزێنێت."
 
ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر و هەڵاوسان ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاودەبنەوە. ئامارەکانی کۆفرۆشییش رۆژی پێنجشەممە بڵاودەبنەوە. جیرۆم پاوڵیش بڕیارە لە کۆنگرێس ئامادە بێت و وەڵامی نوێنەرانی ئەمریکا بداتەوە.
 
مەکسیک، کەنەدا و یەکێتیی ئەورووپا سەپاندنی پێناسی گومرگییان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەرکۆنە کردووە، دوای ئەوەی 25%ی پێناسی گومرگی سەپاند بەسەر بەرهەمی ئەلەمنیۆم و ئاسن دا.
 
نیگەرانی لە تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانی، بەپێی شرۆڤەکاران بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکانی ئەم دواییەی نرخی زێڕ هەژمار کراوە.