بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا؛ نرخی نەوت دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە دابەزی، دوای ئەوەی بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا دەرکەوت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەو پێیەش کۆتایی بە سێ رۆژی بەردەوام لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هات.
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ چوارشەممە 37 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بە 72 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 3.6% و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە ریژەی 3.7% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەپێی شرۆڤەکاران، تووندبوونەوەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گەڕاندنەوەی سزا تووندەکانی سەر ئێران بوو.
بەڵام پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 9 ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیادی کردووە، ئەوەش ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی دابەزاند.
داتا فەرمییەکانی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاودەبنەوە و بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروستدەکەن.