سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ رووداو: هاوکاریی تەکنیکی پێشکەشی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندییەکی چالاکیان لەگەڵ عێراقدا هەیە و لە چەندین رووەوە هاوکارییان دەکەن. دەشڵێت، ئامانجیانە هاوکاریی ئەو وڵاتانە بکەن کە "لەرزۆکن و لە ئاڵۆزیدان".
رۆژی چوارشەممە، 12ی شوباتی 2025، جیهاد عەزوور، بەرپرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکانی جیهان کە لە دووبەی بەڕێوەدەچێت بە رووداوی راگەیاند "پەیوەندییەکی چالاکمان لەگەڵ عێراق دا هەیە. دۆخی ئابووریی عێراق پێویستیی بەوانە نییە چونکە کورتهێنانی لە باڵانسی پارەداندا نییە، بەڵام هاوکاریی تەکنیکیان دەکەین."
بەرپرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو گوتی "هاوکاریی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن نوێگەری لە کارگێڕیی دارایی گشتیدا بکەن، هەروەها هاوکاریی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ باشترکردنی پەیکەربەندییەکەی، چاودێریکردنی کەرتی دارایی و ژمارەیەک نوێگەری دیکە کە گرنگن بۆ زیادکردنی پێشبڕکێ لە ئابووریی عێراق دا."
سەبارەت بە هاوکاریی سندووقەکە بۆ ئەو ناوچانەی کاریگەریی جەنگیان لەسەرە، جیهاد عەزوور دەڵێت، "جیهان لە گۆڕاندایە و ناوچەکەش لە پەرەسەندنێکی زۆردایە. هاوکارییەکان بۆ ئەو وڵاتانە بوون کە لەرزۆکن و لە ئاڵۆزیدان. ستراتیژیەتێکمان بۆ ئەو مەبەستە هەیە."
بەرپرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژەی بەوە دا؛ ئەوان ئێستا هاوکاریی دارایی ئەو وڵاتانە ناکەن، بەڵکو لێکۆڵینەوە لە زیانی ئەو ئاڵۆزی و گرژیانە دەکەن.
جیهاد عەزوور گوتی "وڵاتان پێویستیان بەو لێکۆڵینەوانەیە بۆ باشترکردنی دۆخی نێوخۆیان لە دوای جەنگ و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابکێشن بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن لە باشترکردنی ئابوورییەکانیان."
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە، لە دووبەی بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جیهاد عەزوور، بەرپرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو:
رووداو: هیچ پلانێکتان بۆ هاوکاریکردنی وڵاتە هەژارەکان، بەتایبەت عێراق، فەڵەستین و لوبنان هەیە، کە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە؟
جیهاد عەزوور: جیهان لە گۆڕاندایە و ناوچەکەش لە پەرەسەندنێکی زۆر دایە. هاوکارییەکان بۆ ئەو وڵاتانە بوون کە لەرزۆکن و لە ئاڵۆزیدان. ستراتیژیەتێکمان بۆ ئەو مەبەستە هەیە. سەبارەت بە ناوچەکەش ئێمە بەشداریمان هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەی لەرزۆکن بەتایبەت بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە. ئێستا سندووقەکەمان لێکۆڵینەوە لە زیانی ئەو ئاڵۆزی و گرژیانە دەکات. وڵاتەکان پێویستیان بەو لێکۆڵینەوانەیە بۆ باشترکردنی دۆخی ناوخۆیان لە دوای جەنگ و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابکێشن بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن لە باشترکردنی ئابوورییەکانیان.
رووداو: پلانی تایبەتتان چییە بۆ عێراق؟ چ پلانێکتان هەیە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە رووی ئابووری و داراییەوە؟
جیهاد عەزوور: پەیوەندییەکی چالاکمان لەگەڵ عێراقدا هەیە. دۆخی ئابووری عێراق پێویستی بەوانە نییە، چونکە کورتهێنانی لە باڵانسی پارەدارکردندا نییە، بەڵام هاوکاریی تەکنیکیان دەکەین. هاوکاری وەزارەتی داراییان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن نوێگەری لە کارگێڕیی دارایی گشتیدا بکەن. هەروەها، هاوکاریی بانکی ناوەندی عێراق دەکەین بۆ باشترکردنی پەیکەربەندییەکەی، چاودێریکردنی کەرتی دارایی و ژمارەیەک نوێگەری دیکە کە گرنگن بۆ زیادکردنی پێشبڕکێ لە ئابووریی عێراقدا.