نرخی یوانی چینی گەیشتە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردووی خۆی


رووداو دیجیتاڵ

یوانی چینی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردووی خۆی بەرزبووەوە؛ ئەوەش لە کاتێکدایە پەکین هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی دراوەکەی بکاتە رکابەرێکی سەرەکیی دۆلار لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
 
رۆژی پێنجشەممە، نرخی یوانی چینی ئاستی 6.89 یوانی بۆ هەر دۆلارێک تێپەڕاند. ئەمە شەشەمین رۆژی لەسەریەکە یوانی چینی لە بەرزبوونەوەدایە و بەمەش گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئایاری 2023وە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکەی چین لە کاتێکدایە، شی جینپینگ، سەرۆکی وڵاتەکە چەندین جار جەختی لە ئامانجی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی یوان بکاتە دراوێکی سەرەکی لە جیهان.
 
چین دەیەوێت یوان بە شێوەیەکی فراوان لە بازرگانیی نێودەوڵەتی، وەبەرهێنان و بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەکاربهێنرێت و لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە وەک یەدەگ هەڵبگیرێت.
 
لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە یوانی چینی بە رێژەی 6% دابەزیوە.
 
سەرەڕای ئەو بەرزبوونەوەیە، بانکی ناوەندیی چین رایگەیاندووە بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی نەرمی نەختینەیی و رێژەی سوود بەرزناکاتەوە. ئامانجی بانکەکە لەم سیاسەتە پاراستنی سەقامگیریی گەشەی ئابووری و بووژانەوەی پلەبەندی نرخەکانە لە بازاڕدا.
 
ئەم هەڵوێستەی بانکی ناوەندی لە کاتێکدایە کە ئامارە نوێیەکان نیشانی دەدەن هەڵاوسانی ساڵانە لە چین، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا بۆ 0.2% دابەزیوە، کە ئەمە نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردوویەتی.