وەزارەتی دارایی: داوای 281 ملیار دینارمان بۆ مووچەی خانەنشینان کرد، بەڵام بەغدا 244 ملیاری ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینان لە بەغداوە بە "کەموکوڕییەوە" گەیشتە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەک وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق و ئەو لایەنانە دەداتەوە کە وەزارەتەکە بە 'کەمتەرخەم' تۆمەتبار دەکەن. دەڵێت، "بەغدا بەرپرسیارە لە هەر لێبڕینێک".
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا کە رۆژی پێنجشەممە 12/2/2026 بڵاویکردەوە، ئاشکرای کردووە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم بڕیوە. ئەم بڕە پارەیە شایستەی دارایی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەرە.
وەزارەتەکە وەک نموونەیەک بۆ کاریگەریی ئەم بڕینە ئاماژە بەوە دەکات کە "خانەنشین هەیە 12 مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام تەنیا یەک مووچەی بۆ هاتووە. هەروەها کەمئەندامانی سەنگەر کە دەبوو دوو مووچە (مانگی 10ی ساڵی رابردوو و مانگی 1ی ئەمساڵ) وەربگرن، تەنیا یەک مووچەیان بۆ نێردراوە."
هەولێر چەندی داوا کردووە و بەغدا چەندی ناردووە؟
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سێ نووسراوی وەک بەڵگە خستووەتەڕوو کە نێوەڕۆکی نووسراوەکان ئەمانەن:
1. نووسراوی ژمارە 366 لە 27/1/2026: لەم نووسراوەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای خەرجکردنی بڕی 281 ملیار و 125 ملیۆن و 471 هەزار دیناری بۆ مووچەی خانەنشینان کردووە. لە خاڵێکی گرنگی ئەم نووسراوەدا هاتووە کە ئەو فەرمانبەرانەی کۆدی بایۆمەترییان نییە، ناویان لە لیستی تەمویلەکەدا نەنێردراوە تاوەکو رێکارەکانیان تەواو دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەدەنە دەست بەغدا بۆ راگرتنی پارەکە.
2. نووسراوی ژمارە 3323ی فەرمانگەی ژمێریاریی عێراق: ئەم نووسراوە وەڵامی بەغدایە، کە تێیدا بڕیار دراوە تەنها بڕی 244 ملیار و 764 ملیۆن و606 هەزار دینار رەوانە بکرێت. ئەمەش جیاوازییەکی 36 ملیار دیناری لەگەڵ داواکارییەکەی هەولێر دروست کردووە.
3. نووسراوی ژمارە 1164 لە 12/2/2026: دوای دروستبوونی ئەم کورتهێنانە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ جارێکی دیکە بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی بەغدا کردووەتەوە و داوای خەرجکردنی ئەو 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینارەی کردووە وەک "تەواوکاری" تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم.
هەولێر: بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی بەغدایە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی یاساکانی بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە بەغداوە خەرج دەکرێت، بۆیە "هەر کەموکوڕییەک یان لێبڕینێک رووبدات، وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە."
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەو ''لایەن و میدیایانەی بوختان و تۆمەت" ئاراستەی وەزارەتەکە دەکەن و دەڵێت، "دەبێت چاوەڕێ بن رووبەڕووی دادگا ببنەوە." جەختیش دەکاتەوە کە تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی بوون لە هەموو کاتەکاندا داکۆکییان لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
بەغدا: پابەندی یاساین
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە 10/2/2026 بڵاوی کردبووەوە وەڵامی ئەم ناڕەزایەتییانەی دابووەوە و رایگەیاندبوو کە رێکارەکانی تەمویلکردن بەپێی خەرجیی 1/12ی ساڵانە ئەنجامدراوە. بەغدا دەڵێت، "هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان جیاوازیی مووچە (فروقات) پێویستی بە ڕێکاری یاسایی و تەرخانکردنی دارایی هەیە لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2026دا." هەروەها داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردبوو "وردبن لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و لە زمانی گرژی دووربکەونەوە."