دوای 11 ساڵ گۆڵف کێستۆن لە کێڵگەی شێخان قازانجدەکات
رووداو - هەولێر
گۆڵف کێستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای سەرکارە، رایگەیاند "لەو کاتەی هاتووەتە هەرێمی کوردستان و دەستی بەکارکردووە، بۆ یەکەمجار قازانجی کردووە".
بەپێی راگەیێندراێکی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2017ـدا 14 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چۆنێتی فرۆشتنی نەوتی کێڵگەی شێخان رێککەوتن.
گۆڵف کێستۆن رایگەیاندووە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی شێخان تێکڕا رۆژانە 35 هەزار و 300 بەرمیل بووە. لە مانگ ئابی 2017 بەرهەمهێنانی نەوت لە شێخان گەیشتە 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
جۆن فێرێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن دەڵێت، دڵنیاییە کە دوای ئەوەی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە، دەتوانن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان بەرزبکەنەوە بۆ رۆژانە 55 هەزار بەرمیل.
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن لە ساڵی 2007ـەوە بۆ کاکردن لە کەرتی نەوت هاتووەتە هەرێمی کوردستان.
پێداچوونەوە: حەکیم داود