سێ کەشتیی نەوتهەڵگر بە هورمز تێپەڕین؛ یەکێکیان نەوتی عێراقی هەڵگرتووە

رووداو دیجیتاڵ

دوو کەشتیی گەورەی نەوتهەڵگری چینی و کەشتییەکی دیکەی یۆنانی دوای چەند کاژێرێک لە راگەیاندنی ئاگربەستی ئێران بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون. ئەمەش بە گەورەترین جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا دادەنرێن. 
 
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی (مارین ترافیک)ـی تایبەت بە هاتووچۆی کەشتیوانی، هیچ کام لەو کەشتییانە نەوتی ئێرانیان بار نەکردووە و پەیوەندیی راستەوخۆیان بەو وڵاتەوە نەبووە، باسی لەوەش نەکردووە چ کاتێک ئەو سێ کەشتییە بە هورمز تێپەڕیون.
 
ئەو دوو کەشتییە چینییە یەکەم کەشتین کە لە دوای دەستپێکردنی ململانێکانەوە نەوت لە کەنداوەوە دەگوازنەوە.
 
ئەو سێ کەشتییە پێکەوە توانای گواستنەوەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە. 
 
دوو کەشتییە چینییەکە ناویان (کۆسپێرل لەیک) و (هێ رۆنگ ھا)یە و کەشتییە یۆنانییەکەش ناوی سێریفۆسە. بەپێی زانیارییەکان، کەشتییەکانی سێریفۆس و هێ رۆنگ ھای بارەکانیان لە سعودیە و، کەشتیی کۆسپێرل لەیکیش بارە نەوتەکەی لە عێراقەوە بار کردووە.
 
ئەو کەشتییەی نەوتی عێراقی بارکردووە، توانای گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە.
 
هەرسێ کەشتییەکە پابەندی ئەو رێڕەوەی باکوور بوون کە تاران داوای کردبوو؛ ئەو رێڕەوە بە ئاوەکانی ئێران و بە درێژایی کەناراوەکانی دوورگەکانی قشم و لارکدا تێدەپەڕێت و دوورە لە رێڕەوە ئاساییەکانی تەنگەی هورمز.
 
مانگی رابردوو، ئێران، کە تاکە وڵات بوو نەوتی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرد، کە بڕەکەی رۆژانە نزیکەی 1.7 ملیۆن بەرمیل بووە. 
 
ماڵپەڕی مارین ترافیک دەڵێت، لە رۆژانی 8 و 9ـی ئەم مانگە، 14 کەشتی بە تەنگەی هورمز تێپەڕیون.