نرخی ئەڵماس دابەزی؛ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نرخی ئەڵماس لە ساڵی 2011 گەیشتە لووتکەی خۆی و 8000 دۆلاری تێپەڕاند، ئێستا نرخی ئەو کانزا گرانبەهایە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا بە کەمتر لە 3500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
داڕمانی نرخی ئەڵماس بەو مانایەیە ئەو کانزایەی ساڵانێک لەمەوبەر بەمەبەستی وەبەرهێنان کڕدراون، ئێستا نرخەکەیان زۆر کەمترە لە کاتی کڕینیان.
دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم داڕمانەوەن. یەکەم، ئەڵماسی دەستکرد، کە لە رووی کیمیاییەوە رێک هاوشێوەی ئەڵماسی ناو کانەکانە و نرخەکەی 70% بۆ 90% هەرزانترە، بازاڕەکانی جیهانیان داگیر کردووە. ئەمەش وایکردووە (دەگمەنی) ئەڵماس بۆ زۆرێک لە کڕیاران ببێتە شتێکی رابردوو. دووەم، جەنگی 40 رۆژەی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووە هۆی دروستبوونی پشێوی لە ناوەندە سەرەکییەکانی بازرگانی لە جیهان دا. بەهۆی ئەوەی هەردوو بۆرسەی ئەڵماسی دوبەی و بۆرسەی ئەڵماسی ئیسرائیل رێک لە ناوچەیەکی پڕ مەترسی دا بوون، گواستنەوەی بارەکان راگیران، گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشانەوە و هۆڵەکانی بازرگانی ناچار بوون بە شێوەیەکی کتوپڕ دابخرێن.
تەنانەت دوای ئەوەی دواجاردا لە 7ی نیسانی 2026دا ئاگربەست راگەیێندرا، پیشەسازییەکە بە زەحمەت توانیویەتی خۆی راستبکاتەوە و ببوژێتەوە.
کۆمپانیا گەورەکانی وەک De Beers ناچار بوون نرخەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزێنن تەنیا بۆ ئەوەی خەڵکی دووبارە دەست بکەنەوە بە کڕین، بەڵام ئەو زیانەی بە نێوبانگی ئەڵماس وەک "وەبەرهێنانێکی سەلامەت" کەوتووە، رەنگە هەمیشەیی بێت. لە کاتێکدا ئەڵماس هێشتا بەهایەکی سۆزداریی قووڵی هەیە بۆ هاوسەرگیری یان وەک دیاری، بەڵام ئەو بیرۆکەیەی کە رێگەیەکی زیرەکانەیە بۆ زیادکردنی سەرمایە بە خێرایی خەریکە کاڵ دەبێتەوە و شوێنی خۆی دەدات بە واقیعێکی نوێ کە تێیدا ئەڵماس زیاتر وەک (کاڵایەکی گرانبەهای ئاسایی) دەبینرێت نەک گەنجینەیەکی دەگمەن.
ئێستا کە ئێران و ئەمریکا رێکەوتنێکی گشتگیریان نەکردووە و شاندی ئەمریکیش گەڕاونەتەوە بۆ ئەمریکا، ئەگەری زیاتر دابەزینی نرخی ئەڵماس هەیە.