هەژماری من: زیاتر لە 730 هەزار مووچەخۆر مووچەکانیان بە دیجیتاڵی وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
تیمی پرۆژەی 'هەژماری من' رایدەگەیێنێت، ئێستا زیاتر لە 730 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان مووچەکانیان لە رێگەی ئامێری ATMـەوە وەردەگرن، ئامانجیشیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی مووچەخۆران کە نزیکەی 250 هەزار کەسیان ماوە، بخرێنە ناو پرۆژەکە.
تیمی 'هەژماری من' بە (تۆڕی میدیایی رووداو)یان راگەیاند، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە تەواوی بکرێتە ئەلیکترۆنی.
سەبارەت بە دواکەوتنی گەڕانەوەی کارتە بانکییەکانیش بۆ بەشێک لەو فەرمانبەرانەی ماوەیەکی زۆرە ناویان تۆمار کردووە، تیمەکە رایگەیاند، "ئەو بابەتە پەیوەندی بە بانکەکانەوە هەیە و هەندێکجار بەهۆی رێکارە تەکنیکییەکانەوە لە بانکەکان گەڕانەوەی کارتەکان کاتی زیاتری دەوێت."
پرۆسەی تۆمارکردن لە 'هەژماری من' بووەتە مەرج بۆ وەرگرتنی مووچە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو نزیکەی 10 پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە سەر بە فراکسیۆنە جیاوازەکانن، ماوەی سێ مانگە مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە، چونکە ئامادە نەبوون ناوی خۆیان لە پرۆژەی 'هەژماری من' تۆمار بکەن؛ بەڵام هەر کاتێک ناوی خۆیان تۆمار بکەن، مووچەی ئەو سێ مانگەیان بەسەریەکەوە پێدەدرێت.