زیانی پاڵاوگەکان لە جەنگدا کەرتی پترۆکیمیاوی دەخەنە لێواری لەنێوچوون
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێک، دوای کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو، وێنەی راستەقینەی زیانەکانی ژێرخانی پیشەسازیی ئێران دەردەکەوێت. راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، هەرچەندە بیرە نەوتەکان پارێزراون، بەڵام زیانگەیاندن بە یەکە هەستیارەکانی نێو پاڵاوگەکان، تەواوی ئابووریی ئێرانی رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنە تەکنیکییەکان کە لە رۆژنامەی "ئیعتماد"ی ئێرانی بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکان ئاراستەی ئەو بەشانە کراون، کە تەکنەلۆژیای بەرزیان تێدایە، وەک بورجەکانی پاڵاوتن و ژوورەکانی کۆنترۆڵی ناوەندی. رۆژنامەکە نووسیویەتی: "زیانی پاڵاوگەکان تەنیا بە واتای کەمبوونەوەی بەنزین نایەت، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ پەککەوتنی کۆمەڵگە گەورەکانی پترۆکیمیاوی کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئێرانن".
پیشەسازیی ئێران بە تووندی بەستراوەتەوە بە داهاتی پترۆکیمیاوی. پەککەوتنی پاڵاوگەکان واتە بڕینی کەرەستەی خاو بۆ کارگەکانی پترۆکیمیاوی. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی کەرەستەی خاو لە پیشەسازییەکانی دەرمان، خۆراک، قوماش و ئۆتۆمبێل دا.
هەروەها کەمبوونەوەی هەناردەی پترۆکیمیاوی دەبێتە هۆی دابەزینی تووندی داهاتی دەرەکی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و داخستنی کارگە بچووک و مامناوەندەکان، کە پشت بەو کەرەستانە دەبەستن.
راپۆرتەکەی ئیعتماد، بەراوردێکی جیهانیی کردووە و ئاماژەی داوە، کە دەربازبوون لەم قەیرانە پێویستی بە خێراییە. وڵاتانی وەک عێراق و ئۆکراینا بەهۆی نەبوونی پلانی پێشوەختە، چەندین ساڵیان پێچوو تاوەکو ژێرخانی وزەیان چاک کردەوە، بەڵام سعودیە دوای هێرشەکانی سەر دامەزراوەی بقیق توانی لە ماوەیەکی کورت دا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، چونکە پلان و تۆڕی گواستنەوەی جێگرەوەی هەبوو.
رۆژنامە ئێرانییەکە چەند پێشنیازێکی "خێرای" خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی پیشەسازیی وڵاتەکە ئیفلیج نەبێت، وەکو هەناردەکردنی نەوتی خاو لە بەرامبەر هاوردەکردنی بەپەلەی بەنزین و کەرەستەی خاو بۆ کەرتی پترۆکیمیاوی، دابینکردنی کەرەستە بۆ کارگەکان بەبێ هیچ رێکارێکی کارگێڕیی ئاڵۆز.
گۆڕانکاری بەرەو دروستکردنی پترۆ- پاڵاوگە، کە تێیدا هەردوو پیشەسازییەکە یەکخراون و بەرگرییان لە بەرامبەر هێرش و گەمارۆکان زیاترە.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، کە کات لە بەرژەوەندیی تاراندا نییە و هەر دواکەوتنێک لە چاککردنەوەی ژێرخانی پیشەسازی، رەنگە تێچووەکەی چەندین ساڵ پاشەکشەی ئابووری بێت.