بەهای زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
دوای دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان، لە هەرێمی کوردستانیش هەر مسقاڵێکی 20 هەزار دیناری دیکە دابەزی.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، رۆژی دووشەممە 12-05-2025 بە رووداوی گوت، "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 655 هەزار دینارە."
دوێنێ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 675 هەزار دینار بوو، 6ی ئەم مانگە هەمان جۆری زێڕ مسقاڵی بە 695 هەزار دینار بوو، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو 700 هەزار دیناری تێپەڕاند.
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، نرخی جۆرەکانی دیکەی زێڕ بەم شێوەیە: عەیار 22 مسقاڵی 686 هەزار دینارە و عەیار 18 مسقاڵی بە 560 هەزار دینارە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ 101 دۆلار دابەزی و بە 3219 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا. ئەوەش بەهۆی رێککەوتنی ئەمریکا و چین.
ئەمڕۆ ئەمریکا و چین رێککەوتن کە بۆ 90 رۆژ، پێناسی گومرگی لەسەر کاڵاکانی یەکدی کەم بکەنەوە.
پێشتر ئەمریکا بە رێژەی 145% پێناسی گومرگی بەسەر چین سەپاندبوو. چینیش بە 125% وەڵامی دابووەوە.