ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەهای دیناریان دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دیناری عێراقیی بەراود بە دوێنێ دابەزی. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو هۆکارەکەی بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دڵەڕاوکێی خەڵک دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە 142 هەزار و 750 دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا دوێنێ بە 141 هەزار و 200 دینار بوو.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "ئاڵۆزییەکانی عێراق و ئەو دۆخەی دروستبووە دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروستکردووە و دیناری دابەزاندووە".
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دێن، رۆژی چوارشەممە،11-06-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی "بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان" فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکانی حکومەت کرد عێراق جێبهێڵن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە رایگەیاند، داوا لە ئەمریکییەکان کراوە ناوچەکە جێبهێڵن "چونکە دەکرێت شوێنێکی مەترسیدار بێت؛ با ببینین چی روودەدات".
بەهای تمەنیش کەمێک دابەزیوە. رەوەز میرزا گوتی، ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 8 ملیۆن تمەنی ئێرانییە بە نەخت، دوێنێ بەرامبەر 7 ملیۆن و 900 هەزار بوو.
ئەمڕۆ یەک ملیۆن لیرەی سووریا بەرامبەر 162 هەزار و 250 دینارە، کە دەکاتە 114 دۆلار. هاوکات 100 دۆلار بەرامبەر سێ هەزار و 800 لیرەی تورکییە.