ترەمپ بە 5 وشە 55 دۆلار زێڕی دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێ دووشەممەوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزیوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "زێڕ گومرگی ناخرێتە سەر!" بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستەڕوو.
دوای پۆستەکەی ترەمپ، نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بە رێژەی 2.4% دابەزی و گەیشتە 3,407 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی ئێستاش بە 3 هەزار و 353 دۆلارە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ ئاستی 3 هەزار و 442 دۆلار دابەزیبوو.
لە هەرێمی کوردستانیش، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=695,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=663,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=568,000 دینار
پێشتر، رۆژی هەینی، دەستەی گومرگ و پاراستنی سنووری ئەمریکا بڕیارێکی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردبووەوە کە ئاماژەی دابوو واشنتن رەنگە پێناسی گومرگی بخاتە سەر قاڵبی زێڕ.
لە وەڵامدا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رۆژی هەینی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو کە ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی فەرمانێکی جێبەجێکردن "بۆ روونکردنەوەی زانیارییە هەڵەکان" سەبارەت بە گومرگ لەسەر زێڕ و بەرهەمە تایبەتەکانی دیکە.
سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر زێڕ لەلایەن ئەمریکاوە زیانێکی گەورەی بە سویسرا دەگەیاند، کە وەک ناوەندێکی سەرەکیی پاڵاوتن و گواستنەوەی زێڕ ناسراوە. پۆستەکەی رۆژی دووشەممەی ترەمپ ئەو نیگەرانییەی نەهێشت.
رۆس نۆرمان، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕی زێڕ، گوتی: "خۆشحاڵم بە بیستنی ئەوەی کە قەیرانەکە تێپەڕێندرا. ئەمە ئاسوودەییەکی زۆر گەورە بە بازاڕەکانی زێڕ دەبەخشێت، چونکە ئەگەری دروستبوونی پشێوییەکی چاوەڕواننەکراو هەبوو."
ئێستا وەبەرهێنەران سەرنجیان خستووەتە سەر راپۆرتی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە.
ئامارەکە دەکرێت ئاماژەی نوێ لەبارەی رێڕەوی داهاتووی سوودی بانکی ئەمریکاوە بدات بەدەستەوە. لە مانگی حوزەیران، رێژەکە 2.7٪ بووە.
هاوکات، ترەمپ ئاگربەستی بازرگانی لەگەڵ چین بۆ ماوەی 90 رۆژی دیکە درێژکردەوە، ئەوەش تەنیا چەند کاژێرێک پێش ئەوەی پێناسە نوێیەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهانی کەمکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەبەرهێنەران چاوەڕوانی کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، دەکەن لە 15ی ئاب لە ئەلاسکا، بەمەبەستی دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.