ترەمپ هەڵپەساردنی پێناسی گومرگ لەگەڵ چین بۆ 90 رۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد بە دواخستنی سەپاندنەوەی باجی گومرگیی زیاتر بەسەر کاڵا چینییەکاندا، ئەمەش چەند کاژێرێک پێش ئەوەی "ئاگربەستی بازرگانیی" نێوان واشنتن و پەکین کۆتایی بێت.
راگرتنی سەپاندنی گومرگی زیاتر لەلایەن کۆشکی سپییەوە تاوەکو 10ی تشرینی دووەم دەبێت.
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا ترەمپ نووسیویەتی، "تازە فەرمانێکی جێبەجێکاریم واژۆکرد کە هەڵپەساردنی گومرگ لەسەر چین بۆ ماوەی 90 رۆژی دیکە درێژدەکاتەوە." بڕیاربوو ئاگربەستە بازرگانییەکە لەسەر پێناسە گومرگییە بەرزەکان رۆژی سێشەممە کۆتایی بێت.
لە کاتێکدا ئەم ساڵ ئەمریکا و چین باجی گومرگیی زیاتریان بەسەر بەرهەمی یەکدیدا سەپاند و گەیاندیانە ئاستێک کە رێگر بوو لە بازرگانیکردن، هەردوو وڵات لە مانگی ئایاردا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی پێناسەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.
وەک بەشێک لە رێککەوتنەکەی مانگی ئایار، پێناسە نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر چین بۆ 30% کەمکرانەوە و چینیش پێناسەکانی لەسەر کاڵای ئەمریکا بۆ 10% دابەزاند. ئێستا ئەو رێژانە تاوەکو مانگی تشرینی دووەم، یان تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنێک دەکرێت، وەک خۆیان دەمێننەوە.
هاوکات لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی درێژکردنەوەکە لەلایەن ترەمپەوە، ئاژانسی هەواڵی شینهوای فەرمیی چین لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دوای گفتوگۆکانی ئەمریکا-چین لە ستۆکهۆڵم بڵاویکردەوە، پەکینیش لەلای خۆیەوە رێککەوتنەکە درێژدەکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، چین بۆ ماوەی 90 رۆژ، کە لە 12ی ئابەوە دەستپێدەکات، هەڵپەساردنی باجە بەرزکراوەکانی پێشووی بەردەوام دەکات و باجی 10% دەهێڵێتەوە.
ئاژانسی شینهوا بڵاویکردەوە، چین هەروەها "رێکاری پێویست دەگرێتەبەر یان دەیهێڵێتەوە بۆ هەڵپەساردن یان لابردنی رێکارە دژبەرە ناگومرگییەکان دژی ئەمریکا، وەک لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی جنێڤدا رێککەوتنی لەسەر کراوە."
کۆشکی سپی لەو فەرمانە جێبەجێکارییەدا کە رۆژی دووشەممە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە "کورتهێنانی گەورە و بەردەوامی ساڵانەی بازرگانیی کاڵای ئەمریکا هەڕەشەیەکی نائاسایی و لە رادەبەدەرە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
فەرمانەکە دان بەوەدا دەنێت کە واشنتن گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ پەکیندا هەیە "بۆ چارەسەرکردنی نەبوونی مامەڵەی هاوشێوە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانماندا" و ئاماژەی بەوەدا کە چین بەردەوام بووە لە "گرتنەبەری هەنگاوی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی" گلەییەکانی ئەمریکا.