بۆ رادەستکردنی نەوت، هەرێمی کوردستان چاوەڕێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەڕۆکی راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، چارەنووسی ناردنی مووچە یەکلا دەکاتەوە. رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لەو راپۆرتەدا.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران، حکومەتی فیدراڵی چاوەڕێی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، ئەو رادەستکردنەش لەلایەن هەولێرەوە پەیوەستە بە ناوەڕۆکی راپۆرتێک، کە بڕیارە وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئامادەی بکات.
 
لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند کرا، باس لەوە دەکات کە تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا دروست بکرێت، بە مەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە.
 
ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئامادەی دەکات، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان ئەو تیمانە و پێشنیازەکانیان دەبێت.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە بە رووداوی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە مانگانە 100 ملیار دینار یان کەمتر دیاری بکرێت وەک داهاتی نانەوتی، کە لە مانگی ئایاردا 120 ملیار دینار بوو، چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت ئەو پێشنیازانەی لەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا جێبەجێ دەکرێت یان نا."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە؛ بەوپێیەی هەرێمی کوردستان نایەوێت ئێستا نەوت رادەست بکات، تێبینییەکانی جێبەجێ نەکرێت و دواتر ناچار بێت رادەستکردنی نەوت رابگرێت.
 
پێشنیازی سەرۆکی تیمی هەرێمی کوردستان لەو تیمە هاوبەشەدا ئەوە بووە کە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی یاسای کارگێریی دارایی بێت، کە 50%ی داهاتی فەرمانگە فیدراڵییەکانە، بەوپێیە بڕەکەی کەمتر دەبێت لەو 120 ملیارەی بەغدا بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران دیاری کردووە.
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەو راپۆرتە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پێشکێش بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بکرێت، ئەو کاتە روون دەبێتەوە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون یان نا. ناوەڕۆکی راپۆرتەکە ئاستی بەردەوامیی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلا دەکاتەوە."
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی، هەرێمی کوردستان مانگانە تەرازووی پێداچوونەوە بۆ بەغدا دەنێرێت، کە تێکڕای خەرجی و داهاتی تێدایە.
 
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی گوت، "هێشتا رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو لەنێوان هەولێر و بەغدا نییە."
 
لە مانگی ئایاری 2025ەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی بەهای تێکڕای داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە کە لە راپۆرتە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان هاتووە، لە کاتی کارابوونی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە. پێویستە تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەست بکات و 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی بێت. هەروەها لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، پێداویستیی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان هەڵدەسەنگێنێت بە مەبەستی دەستەبەرکردنی، بە مەرجێک لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەکە راپۆرتی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.
 
سەرچاوەکەی رووداو لەبارەی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، "راپۆرتی وەزارەتی نەوت ئامادە کراوە، کە لەسەر بنەمای بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستایە، نەک ئەو بڕەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە."