زێڕ گەیشتەوە نزیکەی بەرزترین ئاستی مێژوو

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتە نزیکەی 3,650 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 19 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 3,651 دۆلار. بەمەش نزیک بووەوە لە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا و چاوەڕوان دەکرێت بۆ چوارەم هەفتەی لەسەریەک بەرزبوونەوە تۆمار بکات.
 
لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی دوایین نرخ کە سەندیکای زێڕینگران بەیانیی دوێنێ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە: نرخی فرۆشتن بەم شێوەیەیە
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 765 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 730 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 625 هەزار دینارە
 
کاتێک ئەم نرخانەی سەرەوە بڵاوکرانەوە، هێشتا ئامارەکانی ئەمریکا بڵاونەکرابوونەوە و ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 3,627 دۆلار بوو، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی کاتێک نرخی نوێ بڵاودەکرێنەوە، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام بەو مەرجەی ئۆنسەی زێڕ لە ئاستەکانی ئێستایدا بمێنێتەوە و دانەبەزێت.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە بە پلەی یەکەم بەهۆی چاوەڕوانییەکانەوە دێت لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا کە دوێنێ بڵاویکردەوە، هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی رابردوودا لە 2.7٪ـەوە بۆ 2.9٪ بەرزبووەتەوە. لەسەر ئاستی مانگانەش لە 0.2٪ـەوە بۆ 0.4٪ بەرزبووەتەوە.
 
بەڵام داواکاریی بیمەی بێکاری لە 237 هەزار کەسەوە بۆ 263 هەزار کەس لە هەفتەی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەوەش لە بەرزترین ئاستی نزیکەی 4 ساڵی رابردووە.
 
ئێستا بازاڕی زێڕ چاوەڕوانی بڕیاری رێژەی سوودی بانکییە لە ئەمریکا کە چوارشەممەی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە.
 
زۆرینەی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن ئەمریکا 0.25٪ رێژەی سوود کەمبکاتەوە. بەشێکی کەمیش پێشبینیی 0.50٪ دەکەن.
 
لەگەڵ ئەمەش، ناسەقامگیرییە جیۆسیاسییەکان پاڵپشتیی زیاتریان بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی لە کۆمەڵەی حەوت (G7) بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگیی زیاتر بەسەر هیندستان و چین بەهۆی کڕینی نەوتی خاوی رووسیا.