عێراق و عومان گفتوگۆ بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نەوت دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لەگەڵ عومان لە گفتوگۆدان بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نەوت لە بەسرەوە بۆ نێو عومان. ئەمە بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراق.
 
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ، رایگەیاند کە شوێنی جوگرافی عومان لەسەر دەریای عەرەب و کەنداوی عەرەبی پێش گەرووی هورمز، رێڕەوێکی دەریایی کراوەتر و جێگیرتر بە عێراق دەبەخشێت. 
 
بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ پێیوایە ئەمەش دەستگەیشتنێکی خێراتر و سەلامەتتر بە بازاڕەکانی ئاسیا دەستەبەر دەکات و کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کەمدەکاتەوە کە زۆرجار دەبێتە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە.
 
شەتری ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەکە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەهێز دەکات و توانای زیاتری پێدەبەخشێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان بەپێی پلانەکانی حکومەت. بەپێی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ عومان، دەتوانن کۆگای نەوت و ئاسانکارییە بازرگانییە تەواوکراوەکان لە عومان دەستەبەر بکەن.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی کە یاداشتنامەیەکی دیکە بۆ تەواوکاریی بازرگانی لە نێوان "سۆمۆ" و کۆمپانیای "ئۆکیو (OQ)"ی بازرگانیی عومانی واژۆ کراوە، جەختی لەوەشکردەوە کە هەردوو لا خەریکی گفتوگۆکردنی وردەکارییەکانی گرێبەستەکانن دوای رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی گشتی هاوکارییەکە.
 
عێراق گرنگی بە فراوانکردنی رێککەوتنەکان دەدات کە رێگەی پێدەدات دەروازەی زیاتر بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بکاتەوە، هەروەها بەدوای گرێبەستی هاوبەشیی زیاترەوەیە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی گەڕان و پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە وڵاتدا.
 
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی بەغدا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تورکیا لەبارەی هێڵی بۆری نەوتی "عێراق-جەیهان" کە مانگی تەمموزی ساڵی داهاتوو بەسەردەچێت.
 
تورکیا رایگەیاندووە رێککەوتنەکە بەو شێوەیەی ئێستا نوێ ناکاتەوە و دەبێت رێککەوتنێکی بکرێت کە سوود لە تەواوی توانای بۆرییەکە وەربگرێت.
 
هەرچەندە بەرپرسانی عێراق بە گەشبینییەوە باس لە رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ تورکیا دەکەن، بەڵام هێشتا رێککەوتنی فەرمی رانەگەیێندراوە.