لە هەرێمی کوردستان نرخی گازوایل 93% بەرز دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی گازوایل و نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە، بە جۆرێک یەک بەرمیل گازوایل 93 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی بەرمیلێک گازوایل ئەمڕۆ 200 هەزار دینارە، لە کاتێکدا مانگی رابردوو 107 هەزار دینار بوو."
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە سەرباز کەریم گوتی، "دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوتی رەش و مادەی خاو نەماون، ئەو گازەی دەفرۆشرێت بەرهەمی نێوخۆیە، کە پێشتر کۆگە کراوە."
گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە بازاڕدا گازوایل کەم بووەتەوە و خواستیش زۆرە لەسەری، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، 27-09-2025 جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە. لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
نرخی نەوتی ماڵان بەرزبووەتەوە
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما، نرخی نەوتی ماڵانیش بەرز بووەتەوە.
سیامەند کەریم گوتی، "ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوت بە کۆ بە 165 هەزار دینار دەفرۆشرێت."
نرخی بەرمیلێک نەوت بە تێچووی گواستنەوە و قازانجی فرۆشیارەوە بە نزیکەی 180 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
18ی مانگی رابردوو، نرخی بەرمیلێک نەوت بە کۆ 145 هەزار دینار بوو، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئابی ئەم ساڵ نرخی یەک بەرمیل بە کۆ 107 هەزار دینار بوو.
بڕیارە دابەشکردنی نەوت لە ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێبکات و رۆژانی دواتر لە پارێزگاکانی دیکە.
گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر دەڵێت، ئەگەر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو ئەم ساڵ دابەش نەکرێت نرخی بەرمیلێک 200 هەزار دینار تێپەڕ دەکات.
لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان پێویستیان بە نەوتی سپییە بۆ خۆگەرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا.