یەک ئۆنسە زێڕ بە 4133 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بەرزبووەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 0.2% بەرزبووەوە و بە 4133 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی دهاتوودا بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە بۆ 4140 دۆلار.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار لە قازانجی زێڕ و زیو بووە."
لە ئەمریکا ئەنجوومەنی پیران رۆژی دووشەممە پرۆژە یاسایەکی پەسند کرد بۆ کرانەوەی حکومەت و پرۆژە یاساکەی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە بۆئەوەی دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت.
بازرگانان هەروەها پێشبینییان کردووە لە مانگی داهاتوودا بە رێژەی 68% چانسی کەمکردنەوەی دیکە لە رێژەی سوودی بانکی هەبێت لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە بەهای دۆلار کەمدەکاتەوە و بە قازانجی نرخی زێڕ دەشکێتەوە.