نرخی مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 20 هەزار دینار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

هاوشێوەی بازارەکانی جیهان، ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەوە، یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بەراورد بە دوێنێ 20 هەزار دیناری چووە سەر.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 863 هەزار دینارە، عەیاری 22 بە 905 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 740 هەزار دینارە".
 
دوێنێ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 845 هەزار دینار بوو، عەیاری 22 بە 885 هەزار دینار و عەیار 18ەش بە 725 هەزار دینار بوو.
 
ئەو نرخەی ئەمڕۆ بەگوێرەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دیاریکراوە، کە یەک ئۆنسە بە 4 هەزار و 311 دۆلارە و بەراورد بە دوێنێ هەر ئۆنسەیەک 100 دۆلار بەرز بووەتەوە.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکیی بەڕیژەی 0.25٪ لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە چوارشەممەدا، هەروەها دابەزینی بەهای دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکە، بەهۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێت.