عێراق داوا دەکات هەرێمى کوردستان خەمڵاندن بۆ خەرجییەکانى بکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ رێنوێنى جێبەجێکردنى یاسای کارگێرى دارایی دەکرد، کە چەند پابەندییەکى بۆ هەرێمى کوردستان تێدایە، لەوانە ئامادەکردنى خەرجى خەمڵێنراو بۆ بودجە، بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق ئەو رێنوێنیانە هێزى زیاتر دەدات بە جێبەجێکردنى یاساکە.
رێنوێنییەکانی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵ لە ژمارە 4851ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی لە یەکی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاوکرایەوە.
لەو رێنوێنییانەدا بودجەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان و داهات و خەرجییە بەگەڕخستن و وەبەرهێنانەکانی وەک بەشێک لە بودجەی گشتی هەژمار کراوە و دەبێت لە مانگی ئاداری هەموو ساڵێک وەزارەتی پلاندانان و دارایی فیدراڵ راپۆرتێک لەبارەی کاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی و ستراتیژی و کارنامەی حکومەت بۆ بودجەی گشتی ئامادە بکەن.
لەو رێنوێنییانەدا دیاریکردنی کەلێنەکانی گەشەپێدان لە پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دراوەتە دەست وەزارەتی پلاندانان.
یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی ئەو رێنوێنییە ئەوەیە، یەکەی خەرجی لە هەرێم و پارێزگاکان لە مانگی حوزەیراندا خەمڵاندنی خۆیان ئامادە بکەن لەبارەی بودجەی ساڵانە، بە بڕی پارەی گرێبەستەکان و پابەندییە داراییەکانەوە. دەبێت تاوەکو 30ی حوزەیران بینێرن بۆ وەزارەتی پلاندانان، ئەگەرنا خۆیان بەرپرسیارێتیی دواکەوتنی هەڵدەگرن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دەرکردنی ئەو رێنوێنییانە ئەوەندەی دیکە یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی بەهێزتر دەکات بەوەی بڕگەکانی روون دەکاتەوە کە مایەی شرۆڤەی زیاتر نەبن.
بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە بودجەی خەمڵێندراوی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان بکرێت بۆ ئەوەی لە بودجەی گشتیی عێراق جێگەی بکرێتەوە.
لە رێنوێنییەکاندا هاتووە کە دەبێت تاوەکو 15ی تەمووز وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ وردبینیی ئەو بودجە خەمڵێندراوە بکات و بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ ئەوەی بیخاتە نێو خشتەی بودجەی گشتییەوە.
ئەو یاسایە لە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکراوە کە بنەمایە بۆ یاسای بودجەی ساڵانە، یەکێکە لەو یاسایانەی، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پەنای بۆ دەبات لە کۆتوبەندی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، ناتوانرێت لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی ئەو رێنوێنییانە تۆمار بکرێت، ئەگەر مادە و بڕگەی تێدا نەبێت، کە دژی یاسای کارگێڕیی دارایی یان دەستوور بێت.