ئۆنسەیەک زیو لە 24 کاژێردا 5 دۆلار گرانبووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.20 دۆلار، یاخود 1.42٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 85.30 دۆلار.
 
کیلۆیەک زیویش بە 2,743 دۆلارە.
 
دوێنێ نرخی زیو زیاتر لە 7٪ بەرزببووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 86.22 دۆلار کە بەرزترین ئاستی نرخەکەی بووە لە مێژوودا. بەم پێیەش، لە 24 کاژێردا ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 5 دۆلار گرانبووە.
 
ناکۆکییەکانی نێوان کۆشکی سپی و بانکی ناوەندیی ئەمریکا و زیادبوونی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، وەبەرهێنەرانی هانداوە بۆ کڕینی کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زیو کاتێکدایە، وەزارەتی دادی فیدراڵیی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکیان لە دژی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دەستپێکردووە. 
 
ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، پاوڵ پارەیەکی زۆری لە نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە واشنتۆن خەرجکردووە و پڕۆژەکە 2.5 ملیار دۆلاری تێچووە، لەکاتێکدا دەبوو 1.9 ملیار دۆلاری تێبچێت بەپێی بودجە.
 
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێئاگایی خۆی لە بابەتەکە راگەیاندووە، بەڵام ترەمپ دووپاتی دەکاتەوە کە پاوڵ بۆ سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە شیاو نییە؛ پاوڵیش دەڵێت، تۆمەتبارکردنەکەی بەهۆی ئەوەیە رێژەی سوودی بەو ئاستە کەمنەکردووەتەوە کە ترەمپ داوای لێکردووە.
 
خولی سەرۆکایەتیی پاوڵ لە مانگی ئایاری داهاتوو کۆتایی دێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی فۆکس نیوز، ئیدارەی ترەمپ خەریکی تاوتوێکردنی بەربژێرەکانە و بۆ شوێنگرتنەوەی پاوڵ و ریک ریدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بلاک رۆک یەکێکە لە بەربژێرە هەرە بەهێزەکان.
 
سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی 27 و 28ی ئەم مانگەدا رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام بازاڕەکان پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ دوو جاری دیکە رێژەی سوود کەم بکرێتەوە. 
 
جگە لە هۆکارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا، ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکانیش کاریگەرییان لەسەر بازاڕ هەبووە. پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستوەردان، مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەنگاوە سیاسییەکانی ترەمپ، لەوانە لادانی نیکۆلاس مادورۆ لە سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلا و بیرۆکەی کڕینی گرینلاند، بازاڕە جیهانییەکانی خستووەتە دۆخێکی نادڵنیاییەوە، ئەمەش وایکردووە زیو وەک کانزایەکی دڵنیا ببێتە جێگەی سەرنجی وەبەرهێنەران.