وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو بازرگانانە سزا دەدات کە نرخی کاڵا گران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە باجی گومرگیی کەلوپەلە سەرەکییەکاندا کرابێت و دەنگۆی گرانبوونیش بە "قۆرخکاری و هەلپەرستیی هەندێک بازرگان" ناودەبات.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەت هیچ گۆڕانکارییەکی لە باجی گومرگیی کەلوپەلە سەرەکییەکاندا نەکردووە، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، بەتایبەتیش خۆراک."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق راشیگەیاند، "قسەکردن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکاندا پشتی بە هیچ بڕیارێکی فەرمی نەبەستووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاری و هەلپەرستیی هەندێک بازرگان، ئەو دۆخە نائارام و دڵەڕاوکێیەیان قۆستووەتەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەدا دروستبووە."
محەممەد حەنوون دەنگۆی گۆڕانکاری لە باجی گومرگیدا بە ناڕاست دادەنێت و باس لە رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکات، ئاشکراشی دەکات، "وەزارەتی بازرگانی کار بۆ زیادکردنی بڕی خۆراکی سەرەکی و خستنەڕووی لە رێگەی فرۆشگەکانی خۆیەوە دەکات بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی نرخەکان."
وەزارەتی بازرگانیی عێراق داوا لە خەڵك دەکات، لە کاتی بوونی گرانفرۆشی و قۆرخکاری، لە رێگەی هێڵی گەرمی چاودێری بازرگانی، ژمارە 07729222019ـەوە ئاگاداریان بکەنەوە و جەخت دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2023 بڕیاری ژمارە 957ی دەرکرد، تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای پێناسەی گومرگی، ژمارە 22ی ساڵی 2010.
سامر قاسم، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ زیادبوونێکی راستەقینە لە نرخی کاڵاکانی بازاڕدا نییە، زیادبوونەکان تەنیا کاڵا جوانکارییەکان (وەکو ئۆتۆمبێل و ئامێری پەیوەندی) دەگرێتەوە، نەک خۆراک و دەرمان، ئەم هەنگاوانە بۆ پاراستنی پیشەسازیی نیشتمانین، عێراق دەستی کردووە بە هەناردەکردنی هەندێک مادەی خۆراکی بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش هەلی کار زیاد دەکات و بێکاری کەم دەکاتەوە."