بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق: هەڵکەندن لە کێڵگەی گازی عەکاس دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، دەستپێکردنی کارەکانی هەڵکەندن و پەرەپێدانی لە کێڵگەی گازی عەکاس لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند و بە هەنگاوێکی ستراتیژیی گرنگی وەسف کرد، کە لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێنانی گازی نیشتمانی و بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە عێراقدا دێت.
کێڵگەی عەکاس بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئازاد لە عێراق دادەنرێت و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار. بەهۆی یەدەگە زۆرەکەی و نزیکی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە، پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە بۆ دابینکردنی وزە و گەشەپێدانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی لە وڵاتدا.
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، رۆژی سێشەممە 13-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم قۆناخە هەڵکەندنی 5 بیری بەرهەمهێن و یەک بیری هەڵسەنگاندن لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی بنکەی چارەسەری ناوەندی (CPF) بۆ بەرهەمهێنانی گازی وشک."
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، ئامانجی پلانەکە ئەوەیە کە ئاستی بەرهەمهێنان تاوەکو ساڵی 2026 بگەیێندرێتە 100 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا، "ئەو گازەی بەرهەم دێت، بۆ وێستگەی کارەبای گازیی ئەنبار دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ پشتیوانیکردن لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی سووتەمەنییە."
د. عیزەت سابیر ئاماژەی بەوەش کرد، کارمەندانی عێراقی توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنانی وێستگەی گازیی عەکاس بگەیێننە زیاتر لە 40 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و گوتی، "ئەمە لێهاتوویی کادرە نیشتمانییەکانمان دەسەلمێنێت."
وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەمموزی 2023 گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای SLB ( شلومبێرگێر) بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە واژۆ کرد. گرێبەستەکە جەخت لە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا دەکاتەوە بۆ زیادکردنی بەرهەم، راگرتنی سووتانی گاز و سوودوەرگرتن لە سامانی نیشتمانی.
وەزارەتی نەوت پلانی هەیە لە قۆناخەکانی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی عەکاس بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
کۆمپانیای SLB یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بیانییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و لە زۆربەی کێڵگە گەورەکانی وەکو عەکاس، مەجنوون و رومێلە کار دەکات بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
شلومبێرگێر، بە "مێشکی تەکنەلۆژیی" زۆربەی پڕۆژە گەورەکانی وزە لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم کۆمپانیایە گەورەترین دابینکەری خزمەتگوزاریی کێڵگە نەوتییەکانە لە ئاستی جیهاندا و تەکنەلۆژیا، بەڕێوەبردنی پڕۆژە و چارەسەری دیجیتاڵی بۆ پیشەسازیی وزە دابین دەکات. کارەکانی بوارەکانی هەڵکەندنی بیری نەوت و گاز، هەڵسەنگاندنی کێڵگەکان، دەرهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە دەگرێتەوە.
کۆمپانیاکە لە ساڵی 1926 لەلایەن دوو براوە، کۆنراد و مارسێل شلومبێرگێر، دامەزراوە و سەرەتا وەکو کۆمپانیایەکی گەڕان بەدوای کانزا و نەوتدا دەستی بە کار کردووە. ئێستا لە زیاتر لە 120 وڵاتی جیهاندا کار دەکات و بنکە سەرەکییەکانی لە پاریس، هیوستن، لەندەن و لاهای-ن.