گومرگی شووشمێ: زیاتر لە 38 ملیۆن دۆلار هەناردەمان هەبووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گومرگی شووشمێ لە پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە 10 مانگدا بایی 38 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە هەناردە کراوە.
 
بەهرۆز فەرەجی، بەڕێوەبەری گومرگی شووشمێ ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا 250 هەزار و 603 تۆن کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی شووشمێوە هەناردەی دەرەوە کراوە.
 
بە گوتەی بەهرۆز فەرەجی، ئەو کەلوپەلانەی لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراون بریتین لە ئاسن، کەرەستە بیناسازی و کشتۆکاڵییەکان؛ هەروەها بەرهەمە دەستیەکانی وەک کڵاش، سەبەتە؛ لەگەڵ سەوزە و میوە.
 
رۆژی 08-02-2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا 6 ملیۆن و 76 هەزار تۆن کەلوپەل کە بایی دوو ملیار و 587 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە.
 
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. پارێزگاکە پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دەروازەیەک دەکەوێتە سەر سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، دەروازەی سوومار دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.