وەزارەتی نەوتی ئێران: لە ماوەی دوو مانگدا زۆربەی توانای پاڵاوتن دەگەڕێنینەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی زۆربەی توانای پاڵاوتن و دابەشکردنی سووتەمەنی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتووە. دەشڵێت، پرۆسەی چاککردنەوەی ژێرخانەکان دەستیپێکردووە.
 
محەممەد سادق عەزیمیفەر، جێگری وەزیری نەوتی ئێران بە تۆڕی هەواڵی خوێندکارانی وڵاتەکەی راگەیاند، تاران پێشبینی دەکات لە ماوەی یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا، زۆربەی دامەزراوەکانی پاڵاوتن و دابەشکردن کە لە جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە، بۆ 70٪ تاوەکو 80٪ی توانای پێش هێرشەکان بگێڕێتەوە.
 
جێگری وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەکانی چاککردنەوە لە ئێستاوە دەستیان پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێک لە پاڵاوگەی لاڤان لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دەست بە کارەکانی بکاتەوە و، یەکەکانی دیکەش بە پلەبەندی دەگەڕێنەوە سەر توانای خۆیان."
 
ئەم هەوڵانەی تاران بۆ بووژاندنەوەی کەرتی وزە لە کاتێکدایە، بەهۆی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، گورزی کوشندە بەر زۆربەی پاڵاوگە و ناوەندە پێترۆکیمیاییەکانی ئەو وڵاتە کەوتووە. 
 
جەنگەکە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتدا دەستیپێکرد. دواتر ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامیدایەوە. 
 
چەند رۆژێک پێش راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ـی نیساندا، دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و کارەبای ئێرانی کرد ئەگەر تاران تەنگەی هورمز نەکاتەوە کە لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە دایخستبوو.