لە تەنگەی هورمز دوو کەشتیی نەوتهەڵگر رێڕۆیان گۆڕی؛ یەکێکیان لە عێراقەوە بووە


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە، دوو کەشتیی بەتاڵی نەوتهەڵگر، پێش ئەوەی بچنە نێو تەنگەی هورمز، ئاراستەی خۆیان گۆڕی و گەڕانەوە. 
 
داتای دامەزراوەکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان دەریانخستووە، رۆژی شەممە، 3 کەشتیی گەورەی نەوتهەڵگر کە لە کەنداوی عومانەوە بەڕێکەوتبوون بەرەو تەنگەی هورمز، پێش ئەوەی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە بگەنە دەوروبەری دوورگەی خارکی ئێران، کە خاڵێکی سەرەکیی تێپەڕبوونە بۆ ئەو کەشتییانەی بەرەو کەنداو دەچن، رێڕۆی خۆیان گۆڕیوە.
 
لەم خاڵەدا، کەشتیی "ئەجیۆس فانۆریۆس 1" کە بەرەو عێراق دەچوو، لەگەڵ کەشتیی "شالامار" بەرەو دوورگەی داسی ئیمارات دەچوو، گەڕانەوە. هەردوو کەشتییەکەش ئاڵای پاکستانیان لەسەر بووە.
 
بەڵام، کەشتیی سێیەم بەناوی "مۆمباسا بی" بەردەوام بووە لە رێگەکەی و لەپێش دوو کەشتییەکەی دیکەوە بوو، توانی لەنێوان دوورگەکانی خارک و قیشم بە رێڕۆی ئاسایی بۆ چوونە نێو کەنداوی عەرەبی تێپەڕ ببێت.
 
هۆکاری گەڕانەوەی دوو کەشتییەکەی روون نییە، بەڵام لەکاتێکدایە عێراق و پاکستان رەزامەندیی پێشوەختەیان بۆ تێپەڕبوون بە هورمز وەرگرتبوو، هەروەها هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بەبێ هیچ ئەنجامێک.
 
بەپێی دوایین ئامار کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، لەدوای ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا، 40 کەشتی بە تەنگەی هورمز تێپەڕیون.