ملیۆنێک لیرەی سووری بە 153 هەزار دیناری عێراقییە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای لێدوانێکی سەرۆکی ئەمریکا، بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری بەراورد بە دوێنێ 20 هەزار دینار بەرز بووەوە.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 153 هەزار دینارە.
 
رۆژی دووشەممە 12-05-2025 یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 133 هەزار دینار بوو.
 
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە سزاکانی سەر سووریا گوتی، "دەبێت بڕیارێک لەبارەی سزاکان بدەین، کە دەکرێت زۆر بە باشی سووکیان بکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "دەتوانین سزاکان لەسەر سووریا لابدەین، چونکە دەمانەوێت دەستپێکی نوێیان پێبدەین." ئەو قسانە بەهۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی سووری دادەنرێن.
 
لەبارەی دینارەوە، حاجی سابیر گوتی، 100 دۆلار بە 142 هەزار و 400 دینار دەفرۆشرێت.
 
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر سێ هەزار و 800 لیرەی تورکییە. هەروەها 100 دۆلار بە 7 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە بە نەختی.