بڕیارێکی ترەمپ بەهای لیرەی سووری بەرزکردەوە؛ یەک ملیۆن لیرە 30 هەزار دیناری چووەسەر
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی سووریا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە، بەهای لیرەی سووری 30 هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە.
سیامەند مەولوود، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، هەر یەک ملیۆن لیرەی سووری 30 هەزار دیناری عێراقی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر گوتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك ملیۆن لیرەی سووری بە 150 هەزار دیناربوو، بەڵام دوای بڕیارەکەی ترەمپ هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بۆ 180 هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە.
دوێنێ یەك ملیۆن لیرەی سووری بە 133 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
سیامەند مەولوود پێشبینی کرد، "لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهای لیرەی سووری هەڵبەزین و دابەزین بەخۆوە ببینێت. ئەگەریش سەرجەم سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەهای لیرەی سووری بەرزتر دەبێتەوە."
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە سعودیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆری چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی."
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، بەڵام لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆی سووریادا سەتان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە و کۆچبەر بوون.
ترەمپ هەروەها گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، "ئیدارەکەم یەکەمین هەنگاوەکانی ناوە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سووریا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیەیەکدا. بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا لە رۆژانی دوایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا کۆدەبێتەوە."
ترەمپ گوتی: "دوای تاوتوێکردنی دۆخی سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشین، شازادەی جێنشینی ئێوە (محەممەد بن سەلمان)، هەروەها لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغانی تورکیا، کە ئەو رۆژە تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای هەمان شتی کرد، هەروەها چەندین کەس و دۆستی دیکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان بدەمێ."
راگەیاندنەکە لە کاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆک ترەمپ رازی بووە سبەی لە سعودیە سڵاوێک لە سەرۆکی سووریا بکات."