بازاڕی هەرێمی کوردستان؛ لە ساڵێکدا نرخی برنج 25% و گۆشت 12% بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 و دواتر دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، دوایین پێشهاتیش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە تاوەکو ئێستاش کۆتاییهاتنی نادیارە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەجۆرێک کە هەندێ خۆراکی سەرەکی چارەگی بەهاکەی چووەتە سەری.
تۆڕی میدیایی رووداو، بەدواداچوونێکی وردی بۆ نرخی خۆراکی سەرەکی و بەراوردکردنی بە نرخەکانی پێشوو کردووە و دەرکەوتووە، زۆربەی هەرە زۆری کاڵا و خۆراکەکان نرخیان بەرز بووەتەوە و هیچ ئاسۆیەکیش نییە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەهای جارانی خۆیان.
گرانبوونی گۆشتی سوور
سەردار عەلی حوسێن، گۆشتفرۆشە و رۆژانە ئاژەڵی گەورە و بچووک سەر دەبڕێت، لەبارەی نرخی گۆشتەوە گوتی: "ئەگەر گۆشتی بەرخ بە نموونە وەربگرین، بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر نرخەکەی 12% بەرزبووەتەوە."
بەپێی ئەو نرخانەی کە سەردار عەلی پێیداوین، نرخی ئێستای گۆشت و جیاوازییەکەی بەمجۆرەیە:
ساڵی 2025
کیلۆیەک گۆشتی گیسک و بەرخ بە 18 هەزار دینار بوو
ئێستا بە 23 هەزارە دینارە
رێژەی بەرزبوونەوە= 12%
کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گۆلک (گوێرەکە) بە 18 هەزار دینار بوو
ئێستا بە 20 هەزار دینارە
رێژەی بەرزبوونەوە= 11%
سەردار عەلی حوسێن دەڵێت: "ئاژەڵی خۆماڵی، پێویستیی نێوخۆیی پڕ ناکاتەوە، بۆیە ئاژەڵی گۆشت لە ئێران، سووریا، تورکیا و هیندستان و چەند وڵاتی دیکەوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ گرانبوون."
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دا، نرخی گۆشتی ئاژەڵی سووریایی نزمترە بەراورد بە ئاژەڵی خۆماڵی، کە بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی دوو هەزار دینارە.
ئەو گۆشتفرۆشە لەوبارەوە گوتی: "ئاژەڵی خۆماڵی و سووریایی زۆر جیاوازن، چونکە ئەوەی لەو وڵاتەوە هاوردە دەکرێ، نازانرێ چ عەلەفێکی پێدراوە و گۆشتەکەشی تامی جیاوازە. کاوڕی سووریایی کیلۆی 2-3 هەزار هەرزانتر رادەوەستێ."
نرخی ئێستای ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بە زیندەقەپان
کیلۆی بەرخ و گیسک: 10 هەزار بۆ 10هەزار و 500 دینار
کاوڕ: 9-10 هەزار دینار
گۆلک (گوێرەکە): 8-9 هەزار دینار
دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و کاریگەرییەکانی
لە سەرەتای ساڵی 2026دا، 100 دۆلاری ئەمریکایی بە 142 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام ئێستا بە زیاتر لە 153 هەزار دینارە. واتە دینار 7.7%ی بەهاکەی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، سەروەر هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێ خۆراک و مەواد لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانەکەوە نرخیان بەرزبووەتەوە، بۆیە لێرەش خۆکارانە نرخیان بەرز دەبێتەوە و لە دەسەڵاتی حکومەتی خۆجێیی دا نییە."
بۆ زانینی نرخەکان و گۆڕانەکان بەراورد بە رابردوو، رووداو پەیوەندیی کرد بە ئەردەڵان ئیبراهیم، خاوەنی هەرزان بازاڕ لە هەڵەبجەوە.
ئەردەڵان گوتی: "جەنگی ناوچەکە، هێندەی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەریی نەکردووە."
بە گوتەی ئەردەڵان ئیبراهیم، " جەنگەکە بووەتە هۆکار بۆ کەم هاوردەکردنی هەندێ مەوادی دیاریکراو، بەتایبەت داخستنی هەندێ کارگە لە ئێران، بەڵام نەبووەتە هۆی گرانبوون بە گشتی."
نرخی هەندێ خۆراک و بەراورد بە پێشتر
فەردەیەک برنجی 30 کیلۆیی، پێشتر بە 45-48 هەزار دینار بوو
ئێستا بە 60-62 هەزار دینارە
رێژەی بەرزبوونەوەی نرخ: 25٪
یەک لیتر تەواش (زەیت)، پێشتر بە 1250 دینار
ئێستا بە 2250 دینارە
رێژەی بەرزبوونەوەی نرخ: 80%
تەنەکەیەک رۆنی 4 کیلۆگرامی، پێشتر بە 9 هەزار دینار بوو
ئێستا بە 12 هەزار دینارە
رێژەی بەرزبوونەوەی نرخ: 33.3%
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر 60%ی خۆراکە جیاوازەکان لە تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و تەنیا شەکر و برنج لە دەروازەکانى باشووری عێراقەوە هاوردە دەکرێن.
هۆکارەکانی گرانبوون چین؟
سەروەر هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو گوتی: "دابەزینی بەهای دینار زۆر کاریگەرە، واتە زیاتر لە جەنگی ناوچەکە."
سەروەر هاواری ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و زیادبوونی تەعریفەی گومرگی، هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخن لە هەرێمی کوردستان."
بەپێی قسەی بریكارەکەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخ ئەمانەن:
- دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار
- بەرزبوونەوەی نرخ لە وڵاتی هەناردەکار
- سیستمی ئەسیکۆدا و تەعریفەی نوێی گومرگی
- داخرنی تەنگەی هورمز و جەنگ
- سوودی کۆمپانیاکانی هاوردەکار و فرۆشیار
هاواری گوتی: "هەولێر و بەغدا هەرچەندە نزیکن، بەڵام هێشتا لەسەر ئەسیکۆدا رێکنەکەوتوون، ئەو کۆمپانیایانەشی نەچوونەتە ناو سیستمی ئەسیکۆدا، ناتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بکڕن و دەبێ لە بازاڕ بیکڕن، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزیی نرخی هەندێ کاڵا."
سیستمی ئەسیکۆدا چییە؟
ئەسیکۆدا شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. هەر وڵاتێکى بەشدار سیستمی تایبەت بە خۆی دەبێت.
ئەو کۆمپانیایانەی ئەو کۆدەیان هەیە، دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار هاوردە بکەن کە 132 دینارە بۆ هەر دۆلارێک.