گەڵف کیستۆن: بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەستی پێکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پیترۆڵیەم، کۆمپانیای سەرکار لە کێڵگەی نەوتی شێخان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان دەستپێکردووەتەوە.

رۆژی چوارشەممە 13ی ئابی 2025 کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی ئەمنی و راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە."

کۆمپانیاکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی دارایی نیوەی یەکەمی 2025 ئاشکرا دەکات، تێیدا زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، گەڵف کیستۆن جەختی لەوە کردوەتەوە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە گفتوگۆدایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەرێگەی بۆرییەوە و "ئامادەیە دەستبەجێ دوای مسۆگەرکردنی رێککەوتنی نووسراوی فەرمی، دەست بە کار (هەناردەکردن) بکاتەوە."

نێوەڕاستی مانگی رابردوو، کۆمپانیاکە رایگەیاند، بەهۆی چەند تەقینەوەیەک لە کێڵگە نەوتییەکانی نزیک کێڵگەی شێخان، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکە راگرتووە.

هەر ئەو کاتە، کۆمپانیاکە گوتی، هیچ زیانێک بەر کێڵگەکە نەکەوتووە و گوتی، "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، لە کاتی پێویستدا زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە."

رۆژانە نزیکەی 45 هەزار بەرمیل نەوت لە شێخان بەرهەم دەهێندرا.