گومرگی کرماشان: لە پێنج مانگدا بایی زیاتر لە 1.2 ملیار دۆلار هەناردەمان هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێ، لە پێنج مانگدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 840 هەزار تۆن کاڵایان لە دەروازە سنوورییەکانەوە هەناردە کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرترین هەناردە لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە بووە.
بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گومرگی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئینفۆگرافیکێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، لە 21-03-2025ەوە تاوەکو 21-08-2025، بایی یەک ملیار و 238 ملیۆن و 571 هەزار دۆلار کاڵایان لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کردووە.
بەگوێرەی ئینفۆگرافیکەکە، لەو ماوەیەدا کۆی کاڵا هەناردەکراوەکان دوو ملیۆن و 840 هەزار تۆن بوون و ئاسن، کاشی، میوە و سەوزە، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستیکییەکان لەخۆدەگرن.
وەک بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گومرگی کرماشان رایگەیاندووە، زۆرترین هەناردە لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە بووە کە بایی 371 ملیۆن و 648 هەزار دۆلار بووە.
دواتر دەروازەی سنووریی پەروێزخان دێ کە 834 هەزار تۆن کاڵای بایی 355 ملیۆن و 179 هەزار دۆلاری لێوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
هەر بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گومرگی کرماشان، بایی زیاتر لە 201 ملیۆن و 455 هەزار دۆلار کاڵا بە هەردوو دەروازە سنوورییەکانی شوشمێ و شێخ سڵەدا هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە؛ هەروەها بڕی هەناردەکردنی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی سوماریشەوە گەیشتووەتە 291 ملیۆن و 301 هەزار دۆلار.
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ باشووری کوردستان و عێراق هەیە. پارێزگەکە پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دەروازەیەک دەکەوێتە سەر سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، دەروازەی سومار دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەویش دەکەوێتە سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی عێراق.