ئۆنسەیەک زیو لە 54 دۆلار نزیکدەبێتەوە و لە بەرزترین ئاستی مانگی رابردوودی خۆیدایە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 75 سەنت، یاخود 1.45٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 54.02 دۆلار. کیلۆیەک زیویش بە 1,736 دۆلارە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە مانگی رابردوودا. تەنیا لە 24 کاژێری رابردووشدا نزیکەی 3 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
لە یەک هەفتەی رابردووشدا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 5 دۆلار و نیو، یاخود 12.12٪ بەرزبووەتەوە.
 
گەشبینی بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە 10ـی مانگی داهاتوودا، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زیو.
 
گەشبینی بە نزیکبوونەوەی کرانەوەی حکومەتی ئەمریکاش، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەکەی زیادکردووە، چونکە کرانەوەی حکومەت دەبێتە هۆی ئەوەی دەست بە بڵاوکردنەوەی داتا ئابوورییەکان بکرێتەوە.
 
ئێستا بازرگانان پێیانوایە بە رێژەی 65٪ ئەگەر هەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا مانگی داهاتوو سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ کەمدەکاتەوە. پێش دوو رۆژ، ئەو رێژەیە 62٪ بوو.
 
بڕیارە ئەمڕۆش حکومەتی ئەمریکا ئاماری نرخی بەکاربەر [هەڵاوسان] بۆ مانگی رابردوو بڵاوبکاتەوە. لە مانگی ئەیلوولدا رێژەکە 3٪ بوو. ئەگەر بۆ مانگی رابردوو رێژەکە لە 3٪ کەمتر بێت یان وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زیو و زێڕیش بەرزدەبنەوە، بەپێچەوانەشەوە.
 
کەمبوونەوەی هەڵاوسان، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی داهاتوو بەهێزتر دەکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، پێشبینی دەکرێت گوشارەکانی کورتهێنانی زیو بەردەوام بن، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە هیندستان.