کرێسنت پێترۆلیۆم: بەرهەمی گاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 700 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسنت پێترۆلیۆم، رایدەگەیێنێت کە کۆی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیار دۆلار و فراوانکردنی پڕۆژەی کۆرمۆر توانای بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی بە رێژەی 50% زیادکردووە بۆ زیاتر لە 700 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەبوو زەبی، مەجید جەعفەر، باسی وردەکارییەکانی پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر (KM250)، ئاڵنگارییەکان و پلانی داهاتوویان بۆ پەرەپێدانی کەرتی گاز لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات. 
 
جەعفەر ئاماژە بە پابەندبوونی چەند نەوەیەکی خێزانەکەی بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەکات و دەڵێت: "باپیری من بەشداریی کردووە، باوکیشم دواتر لە ساڵی 2007 رێککەوتنەکانی لەگەڵ کاک نێچیرڤان واژۆکرد و هاوبەشییەکەمان دەستیپێکرد. من ئێستا لێرەم. کوڕەکەم، پشتیوان بە خودا، بەردەوام دەبێت. نەوەی ئێمە پابەندە بە هەرێمی کوردستان و بە عێراقەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤین
 
رووداو: بەڕێز مەجید جەعفەر، سوپاس بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە.
 
مەجید جەعفەر: بەخێرهاتن، زۆر بەخێربێن.
 
رووداو: مانگی رابردوو دەستکەوتێکی زۆر گەورەتان راگەیاند و، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیتان لە هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە بۆ نزیکەی زیاتر لە 700 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. پێمان بڵێن، چۆن ئەوەتان بەدەستهێنا؟ 
 
مەجید جەعفەر: سوپاس بۆ خودا، ئێمە دەستمان کرد بە پڕۆژەی گازی کورمۆر 250، ئەوەی کە پێیدەڵێین پڕۆژەی (کەی ئێم 250). ئەمە پڕۆژەیەکە بۆ زیادکردنی توانای گاز بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێک دا، لەگەڵ گازی شل (LPG) و کۆندێنسەیت. کەواتە، وەک تۆ باست کرد، توانای بەرهەمهێنانی بەڕێژەی 50% زیادکرد. ئەمە پڕۆژەیەکە کە چەند ساڵێکە سەرقاڵی جێبەجێکردنین. رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ بووینەوە، ئاستەنگی زۆر. بێگومان کۆرۆنا هەبوو، پەتای کۆڤید، کە بووە هۆی هەندێک دواکەوتن. بەداخەوە، رووداوی ئەمنیمان هەبوون، کە بووە هۆی دواکەوتن. بۆیە، هەموو سەرنجی کۆمپانیاکەمان خستە سەر تەواوکردنی پڕۆژەکە، سوپاس بۆ خودا، ئێمە گەیشتینە ئەو ئەنجامە. ئەمە بە کۆی گشتی وەبەرهێنانێکی 1.1 ملیار دۆلارییە و، شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی تێیدا بەشدار بوون. زیاتر لە 1,000 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە عێراق دا بەشداربوون لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، بۆیە ئەمە مایەی شانازییە بۆ ئێمە، بەڵام مایەی شانازیشە بۆ کوردستان. بەڕاستی مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراق، چونکە لە راستی دا سوودێکی زۆری هەیە، بە دڵنیاییەوە، بۆ دۆخی کارەبا لەنێو هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ بەشەکانی دیکەی عێراقیش.
 
رووداو: ئێوە ئاماژەتان بەوەدا کە هاوشانی گازی سرووشتی، قەبارەی گازی شل (LPG) و گازی کۆندێنسەیتتان زیاد کردووە. ئایا دەتوانن هەندێک ئامارمان لەوبارەیەوە پێ بڵێن و ئێستا چەند گازی شل، (LPG) بەرهەم دەهێنن؟ چەند بەرمیل کۆندێنسەیت لە کێڵگەکەدا هەیە؟ 
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، بەرهەمی کۆندێنسەیت نزیکەی 15,000 بەرمیل لە رۆژێک دا بوو. ئەمە 50%ی دیکە زیاد دەکات، واتە نزیکەی 7,500 بەرمیل لە رۆژێک دا. هەمان شت بۆ گازی شل (LPG) یش؛ کە 1,000 تۆن لە رۆژێک دا گازی شل (LPG) بەرهەم دەهێنرا، ئەمەش 400 بۆ 500 تۆنی دیکە لە رۆژێک دا زیاد دەکات. ئەمەش راستەوخۆ دەچێتە بازاڕی نێوخۆیی، واتە بۆ گازی چێشت لێنان، بۆ دابینکردنی پێداویستی بازاڕی نێوخۆ. کەواتە، ئەمە سوودێکی ئەرێنیی زیادەیە لە پڕۆژەکەدا. 
 
رووداو: بۆ ئەو کەسانەی زانیارییەکی زۆریان لەسەر کۆنسۆرتیۆمی پێرڵ پترۆلیۆم نییە، ئایا دەتوانن قسە بکەن لەسەر پشکی هەر کۆمپانیایەک و رۆڵیان؟ گرنگترین رۆڵی هەر کۆمپانیایەک کە تێیدا بەشدارە و پشکی هەیە لەو کۆنسۆرتیۆمەدا چییە؟
 
مەجید جەعفەر: بەدڵنیاییەوە. ئەوە کۆنسێرتیۆمێکی گرنگە. هاوبەشییەکە 70%ی کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا گازە، کە هەر یەکەیان 35% و 35% پشکیان هەیە و، بە هاوبەشی کێڵگەکە بەڕێوەدەبەن. هەروەها سێ کۆمپانیای پێشەنگی وزەی ئەورووپای ناوەندیمان هەیە: RWE لە ئەڵمانیاوە، OMV لە نەمساوە، و MOL، ئێم-ئۆ-ئێل، لە هەنگاریاوە. هەر یەکەیان بەڕیژەی 10% پشکیان هەیە. ئەمانە هاوبەشن، بەڵام لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکەدا بەشدار نین. پێکەوە، ئەمانە دەبنە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ. بەڕاستی، ئێستا ئێمە پێکەوە نزیکەی 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان کردووە لە هەرێمی کوردستان دا لەم پڕۆژەیە و پڕۆژەکانی پێشوودا. ئەمە گەورەترین وەبەرهێنانە لە کەرتی گازی سرووشتی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە هەر شوێنێکی عێراق دا. هەروەها ئەمە گەورەترین وەبەرهێنانە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئیمارات یان هەر کۆمپانیایەکی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو GCC، لە عێراق دا. ئەمە نیشانەیەکی گرنگی متمانەیە بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. مەبەستم ئەوەیە دانا گاز زیاتر لە 200,000 پشکداری پێکەوە کۆکردووەتەوە، لەوانەش دامەزراوە پێشەنگەکان، قەوارەکان  و تاکەکەسەکان لە سەرانسەری وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو. سەد هەزار پشکداری ئیماراتیمان هەیە؛ ئەمە یەکسانە بە 10%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئیمارات. ژمارەیەکی هاوشێوەی پشکدارانی سعوودیمان هەیە. هەندێ کەسایەتیمان لە ئەنجوومەنی کارگێڕیدا هەن کە کەسایەتی بازرگانی پێشەنگن، کەسایەتی حکومی پێشەنگن لە ئیمارات و ئەنجوومەنی کارگێڕی دانا گاز. بۆیە، ئەمە وەبەرهێنانێکی گرنگی سەرانسەری ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوە، بەتایبەتی ئیمارات، بێگومان، لەلایەن دانا گازەوە. هاوبەشە ئەورووپاییەکانی دیکە، کۆمپانیای گەورەی ئەورووپیین کە هەندێک پشکی حکومەتیان تێدایە،هەروەها کۆمپانیای گشتیشین کە پشکەکانیان لە بۆرسەدا خراونەتەڕوو. پاشان کرێسنت پترۆلیۆم، ئەو کۆمپانیایەی کە من بەڕێوەی دەبەم، کۆنترین کۆمپانیای تایبەتی نەوت و گازە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، کە بارەگا سەرەکییەکەی لێرە لە شاریقەیە و ئێستا 55 ساڵە لێرەیە، ئێمە لە سەرانسەری ناوچەکەدا چالاکین و شانازی دەکەین کە ئەو ئەزموونە دەهێنین بۆ سوود گەیاندن بە هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
رووداو: ئاماژەت بە وەبەرهێنانی 1.1 ملیار دۆلاریی  بۆ پرۆژەی KM250 کرد. کەواتە پێمان بڵێ چۆن ئەو بڕە پارە زۆر و گەورەیەتان دابین کرد؟ 
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، بودجەی پڕۆژەکە بەهۆی هەندێک لەو ئاڵنگاریانەی رووبەڕوومان بوونەوە، زیادیکرد. هیوامان وابوو بە 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلار تەواوی بکەین، بەڵام لەبەر کۆرۆنا، لەبەر ئەوەی چەندین ئاڵنگاری و دۆخی ئەمنی هەبوون، خەرجییەکان زیادیانکرد. لە کۆتاییدا ناچاربووین خۆمان پڕۆژەکە تەواو بکەین، چونکە ئەو بەڵێندەرە رۆژئاواییەی کە پڕۆژەکەی جێبەجێدەکرد ، بەڵێندەرێکی ئەمەریکی-کەنەدی بوو، دوای هەندێک لەو هێرشانەی کرانە سەرمان، وازی لە پرۆژەکە هێنا، بۆیە ناچاربووین خۆمان وەک وەبەرهێنەر و بەکارخەر دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکەین و تەواوی بکەین. 
 
رووداو: هەشت مانگ زووتریش تەواوتان کرد؟ 
 
مەجید جەعفەر: هەشت مانگ زووتر لەو وادەی داماننابوو، ئەو کاتەی کە بەڵێندەرەکە پاشەکشەی کردبوو، تەواومان کرد. سوپاس و ستایشی زۆر بۆ هاوکارەکەم، بەڕێز ریچارد هۆڵ. هیوادارم ئێوەش بیبینن. ئەو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانا گازە. بەریتانییە. بەڕێوەبەرێکی زۆر باشە. کاتی زۆری لەوێ لەسەر زەوی بەسەر برد، تیمەکانی گۆڕی و پڕۆژەکەی بە پشتیوانی و چاودێری ئەنجوومەنی کارگێڕی بەرەوپێش برد بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا تەواو ببێت. لەڕووی داراییەوە، دەزانن، کاتێک بۆ یەکەم جار چووینە هەرێمی کوردستان، کاتێک رێککەوتنەکانمان لە ساڵی 2007 واژۆکردن، هیچ سەرچاوەیەکی دارایی بەردەست نەبوو. تەنانەت هیچ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی و بەڵێندەرێکی نێودەوڵەتیش ئامادەنەبوو لە هەرێمی کوردستان کار بکات. ئەو دۆخە ئێستا باشتر بووە، بەڵام هێشتا ئاڵنگاری هەیە. تیمی دارایی ئێمە زۆر بە سەختی کاری کرد بۆ هێنانی سەرچاوەی جیاواز و جۆراوجۆری دارایی بۆ پڕۆژەکە. هەندێکیان بانکە نێوخۆییەکانی ئێرەی ئیمارات بوون، بۆ نموونە بانکی شاریقە، ئێستا ئەوەمان فراوان کردووە بۆ بانکەکانی دیکەی ئیمارات. ئەوە گرنگە چونکە ئێمە بانکەکانی ئیماراتمان ئاشنا کردوون بە هەرێمی کوردستان و ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێیان دەکەین. سەرچاوەیەکی دیکە بریتییە لە دابینکردنی دارایی لەلایەن بەڵێندەرانەوە لە هەندێک دۆخ دا، بەڵام سەرچاوەیەکی دیکەی زۆر گرنگ ئەوەیە کە پشتگیری حکومەتی ئەمریکامان هەیە، کۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی ئەمەریکا، 250 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پڕۆژەکە.
 
رووداو: چۆن ئەو رێککەوتنەتان کرد؟ 
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، ئەوە نزیکەی دوو ساڵ کارکردنی زۆری ویست، ئاسان نەبوو، چونکە لە کاتی کۆڤیددا، نەدەتوانرا سەردان بکرێت. هەموو شتێک ئۆنلاین بوو، تەنانەت پشکنینی تەواوی کۆرمۆر بە بەکارهێنانی کامێرا و بە شێوەی ئۆنلاین کرا. هەموو شتێکیان پشکنی، تەنانەت چێشتخانە و شوێنی خەوتن و هەموو وردەکارییە تەکنیکییەکانیش. پێموایە ئەوە بەڵگەیە لەسەر گرنگی ستراتیژیی ئەم پڕۆژەیە. ئەمە گەورەترین پشتگیری داراییە کە حکومەتی ئەمریکا تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری عێراق کردبێتی و، یەکێکە لە گەورەترینەکان لە هەموو ناوچەکەدا. ئێمە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ترەمپ دا دەستمان پێکرد، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی بایدن تەواوکرا. هێشتا پشتگیرییەکی زۆرمان هەیە لەلایەن ئیدارەی نوێی ترامپەوە کە تەنانەت دەیەوێت کاری زیاتر لە بواری گازدا لە عێراق و ئەم وڵاتەدا  بکات. پێموایە ئێوە دەزانن، ئەوە بەهۆی گرنگی ستراتیژییەوەیە. ئێمە دەتوانین زیاتر لە 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان و تەنانەت کارەبای هەندێک پارێزگای دراوسێ لە بەشەکانی دیکەی عێراقیش دابین بکەین. چونکە گازی سرووشتی جێگرەوەی گازوایل، یارمەتی ژینگە دەدات، یارمەتی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات، یارمەتی کەمکردنەوەی پیسبوون دەدات و، هەلی کاری زۆر و گەشەی ئابووری دروست دەکات و، یارمەتی فراوانکردنی سەربەخۆیی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات. بەهۆی هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە ئەو پشتگیرییەمان هەبووە. 
 
رووداو: ئێوە زۆر باش دەزانن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی رووناکی هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری. کەواتە، گازی ئێوە، واتە پڕۆژەی KM250، چۆن دەتوانێت لە ئێستا و داهاتوودا یارمەتی ئەو ئامانجە بدات؟
 
مەجید جەعفەر: کاکە بەڕاستی دەتوانم بڵێم، ئێمە پێمان وایە، باوەڕمان وایە و منیش وایدەبینم، کە پڕۆژەی رووناکی، دەستپێشخەریی رووناکی، گرنگترین دەستپێشخەریی سیاسییە کە جێبەجێکراوە . زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان. پێموایە مۆدێلێکی نموونەییە. ئێمە دەزانین کە پشتگیرییەکی باش لە ئیمارات، لە دوبەی و لە حکوومەتی ئیماراتەوە هەبووە، چونکە ئەمە شتێک بوو کە ئیمارات پێشتر تاقیکردبووەوە: چۆن گرووپی جیاواز بۆ نرخ و بەکارهێنانی جیاواز هەبێت، بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و باشترکردنی کۆکردنەوەکان. ئینجا، ئێمە زۆر دڵخۆشین کە دەبینین ئەمە نەک تەنیا ژیانی هاووڵاتیان باشتر دەکات لە رێگەی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، بەڵکو پشتیوان بە خودا لە هەموو بەشەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت. جێگەی دڵخۆشییە کە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و سەرانسەری هەڵەبجە هەیە، هەموو لایەک پشتگیریی دەکەن. لە هەمان کاتدا، ئاسمان روونترە، هەوا پاکترە، پێویستی بە سووتاندنی سووتەمەنی پیس و بەکارهێنانی موەلیدە کۆنەکان کەم بووەتەوە و، هەزاران موەلیدە لادراون. لە روانگەی وەبەرهێنەرێکیشەوە، بوونی بازاڕێکی کارەبا کە ژیرانە و بەردەوام بێت، هانی زیاترمان دەدات بۆ وەبەرهێنان لە گازدا، چونکە ئەم کارەبایە لە رێگەی ئەو گازەوە دابین دەکرێت کە ئێمە بەرهەمی دەهێنین. ئینجا، هەردووکیان پێکەوە بەستراونەتەوە، بۆیە زۆر ئەرێنییە.
 
رووداو: باست لە وازهێنان لە سووتەمەنی پیس و گۆڕینی بە سووتەمەنی زۆر خاوێنتر، گاز، گازی سرووشتی کرد لە بەرهەمهێنانی کارەبادا. کەواتە ، چۆن بەشداریی خۆتان هەڵدەسەنگێنن لە کەمکردنەوەی دەردانی CO2 لە هەرێمی کوردستان دا؟ 
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، ئێمە بە کردەوە پێوانەمان کردووە کە لە سەرەتای بەرهەمهێنانمانەوە، هۆکار بووین بۆ ئەوەی 62 ملیۆن تۆن CO2 نەچێتە کەشی هەواوە. کەواتە، ئەمە سوودێکی گەورەیە لەڕووی کاربۆنەوە. ئەمە سوودێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی کوالێتیی هەوای ناوخۆوە، هەروەها سوودێکیشە بۆ کەشوهەوا. وەکو دەزانین، هەمووان هەوڵدەدەن کاربۆن کەمبکەنەوە. لە بەرهەمهێنانی خۆمان دا، دزەکردن و سووتاندنی گازیشمان نزیک کردووەتەوە لە سفر. رێژەی دەردانی گاز لەلای ئێمە 0.12%ـە و چڕیی کاربۆنمان 4.4 کیلۆ CO2 ـە لە هەر بەرمیلێک هاوتای نەوت دا، کە 80% کەمترە لە تێکڕای پیشەسازییەکە. پاشان ئەو بڕە گازەی کە ماوەتەوە لە رێگەی کڕینی قەرزی کاربۆنەوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، قەرەبوو کردووەتەوە. کەواتە، لە ساڵی 2021ەوە ئێمە کۆمپانیایەکین کە هیچ بڕە گازێکی زیانبەخش نادەینە دەرەوە بۆ کەشی هەوا. ئێستا لە پێنجەمین ساڵی خۆمانداین و بەردەوامین لەسەر ئەوە. زۆر شانازی دەکەین بەو بەشدارییە ژینگەییە و بەم بەشدارییە ئابوورییە و بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش. چونکە کاتێک بۆ یەکەم جار چووینە هەرێمی کوردستان، بەبیرم دێت شەقامەکان لە شەودا تاریک بوون. فڕۆکەخانەی کۆنمان هەبوو؛ ئەم هۆتێل و مۆڵ و گەشەسەندنانەی ئێستامان نەبوو. کاتێک وزە دابین بکرێت، کاتێک کارەبا هەبێت، کە ئەم گازە هۆکاری بەرهەمهێنانییەتی، هەموو شتێک دەگۆڕێت، دەتوانیت هەستی پێ بکەیت، دەتوانیت بیبینیت. ئەمەش بەڕاستی شانازییە بۆ هاوبەشیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستان. ئێمە پشتگیرییەکی گەورەمان لە هەولێر و سلێمانییەوە هەبووە. ئەمە هاوبەشییەکی درێژخایەنە. گرێبەستەکەمان تاوەکو ساڵی 2049یە. دەمەوێ بڵێم ئێمە میرات و مێژوویەکمان بە بنەماڵەوە هەیە. باپیری من، دکتۆر زیا جەعفەر، لە ساڵی 1950، پڕۆژەی ژێرخانیی گەورەی لە هەرێمی کوردستان، لە دووکان و دەربەندیخان دامەزراند کە تاوەکو ئێستاش کارەبا بەرهەمدێنن. ئەو وەزیری گەشەپێدان و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی گەشەپێدانی عێراق بوو لە سەردەمی شا فەیسەڵی دووەم دا، خودا لێیخۆشبێت. ئێمە 50 ساڵمان هەیە، لە 1958 تاوەکو 2008، لەو ماوەیەدا هیچ پڕۆژەیەکی نوێی کارەبامان لە هەرێمی کوردستان نەبوو. زۆر لە دیکتاتۆرە سەربازییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستانیان پشتگوێخستبوو، یان وازیان لێ هێنابوو. ئێستا، بەهۆی سیاسەتە باشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و، بەهۆی ئەو هاوبەشییەی کە پێکەوە هەمانە، لە ساڵی 2008 وە دەستمان پێکرد، دوای 50 ساڵ، بەرهەمهێنانی گاز، بەرهەمهێنانی کارەبامان دەستیپێکرد و بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان کارەبا بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دەنێرێت. پشتیوان بە خوا، بەم زووانە دەتوانین گازیش بنێرین. ئەمە شانازییە بۆ ئێمە. من بە کاک مەسرور و کاک قوبادم گوتووە، دەزانن باپیری من بەشداریی کردووە، باوکیشم دواتر لە ساڵی 2007 رێککەوتنەکانی لەگەڵ کاک نێچیرڤان واژۆکرد و هاوبەشییەکەمان دەستپێکرد. من ئێستا لێرەم. کوڕەکەم، پشتیوان بە خودا، بەردەوام دەبێت. نەوەی ئێمە پابەندە بە هەرێمی کوردستان و بە عێراقەوە.
 
رووداو: سەرنجڕاکێشە.. چۆن دەڕواننە ئاییندەی پەرەپێدان و بەشداریتان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دا؟ بۆ نموونە بیستوومە ئێوە KM250ـی دیکەتان هەیە و دەبێتە قۆناخی داهاتووی پەرەپێدان لە بوارەکانی دیکەدا. ئێوە چەمچەماڵتان هەیە، کێڵگەیەکی زۆر گەورەیە. دەتوانن پێمان بڵێن پلانەکەتان بۆ پەرەپێدانی داهاتووی ئەو کێڵگانە چییە؟ 
 
مەجید جەعفەر: بە دڵنیاییەوە. راستییەکەی چەند ساڵێک لەمەوبەر چەندین پڕۆژەمان هەبوو کە پلانمان دانابوو هاوکات لەگەڵ KM250 ئەنجامیان بدەین. بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی کە هەمانبوون بەهۆی کۆڤید و رووداوە ئەمنییەکانەوە، تەنیا سەرنجمان خستەسەر KM250 بۆ ئەوەی تەواوی بکەین. سوپاس بۆ خودا، ئێستا کە گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە، دەتوانین دەست بکەینەوە بە  پڕۆژەکانی دیکە و، دەستمان پێکردووە. یەکێک لەوانە بێگومان هەڵسەنگاندنە. ئێمە سەرچاوەی بەتوانای زۆرمان هەیە لە کێڵگەکان دا. 80 تریلیۆن پێ سێجا توانای مەزەندەکراومان هەیە، بەڵام پێویستە بیری نوێ لێبدرێت و بسەلمێنرێت بۆ ئەوەی ببنە یەدەگی سەلمێنراو، وەکو لە پیشەسازی دا پێیدەگوترێت. ئێمە لە ساڵی 2008ـەوە بەردەوام بەرهەمهێنانمان هەبووە. ئەم ساڵ رووپێوێکی بوومەلەرزەناسی سێ رەهەندی بۆ هەردوو کێڵگەی کورمۆر و چەمچەماڵ دەکەین. 
 
رووداو: چەندتان خەرج کردووە لە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئەم کێڵگانەدا؟ 
 
مەجید جەعفەر: بە گشتی وەک گوتم، نزیکەی 4 ملیار دۆلارمان خەرج کردووە. 
 
رووداو: بە گشتی، بۆ پڕۆژەکان؟ 
 
مەجید جەعفەر: هەر لە سەرەتاوە. ..ئێستا پڕۆژەیەکمان هەیە لە چەمچەماڵ، کە ئێوە باستان کرد، کە پێیدەڵێین کارە سەرەتاییەکان، 160 ملیۆن دۆلارمان تێدا خەرجکردووە وەک وەبەرهێنانی سەرەتایی. 
 
رووداو: هیچ بیرێکتان هەڵکەندووە؟ 
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ پشتیوان بە خوا سێ بیر هەڵدەکەنین. ئەم پڕۆژەیە ئامادەیە. چاوەڕێی هەندێ مۆڵەتین لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە. ئەمە یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لە توانای کێڵگەکە و  زۆر بەخێرایی 80 بۆ 100 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێک دا زیاد دەکات. پێشتر 750 بۆ 800مان هەیە. ئەمە 80 بۆ 100ی دیکە زیاد دەکات. نزیک دەبینەوە لە 900 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێک دا. هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەینە 1 ملیار پێ سێجا لە رۆژێک دا. بە ئاسانی دەکرێت لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا رووبدات. بۆ دابینکردنی تەواوی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی، بیستوومانە پڕۆژەی رووناکی بە زووترین کات و ساڵی داهاتوو، یان رەنگە هەر ئەم ساڵیش هەموو ناوچەکان بگرێتەوەو، کارەبای24 کاژێری بۆ هەرموو هەرێمی کوردستان دابین دەکات، کە ئەمە زۆر نایابە. پێشوەختە چاومان لەوەیە کە  پێویستی پیشەسازیی نێوخۆیی، وەکو کارگەکانی چیمەنتۆ، پڕۆژە پیشەسازییەکانی دیکە کە سووتەمەنی شل دەسووتێنن، دابین بکەین. گازی سرووشتی، پاکتر و باوەڕپێکراوترە، وەکو بژاردەیەکی دیکەیە بۆ ئەوان، دەتوانێت وەبەرهێنانی گەورەتر و بەرهەمی ئابووری گەورەتر دروست بکەی کاتێک گازی پیشەسازیش دابین دەکەیت.
 
رووداو: ئایا داواکاری و پێشنیازی جدیتان لەو پیشەسازییانەوە پێگەیشتووە؟ دەزانین کە هەرێمی کوردستان پیشەسازی قورسی زۆر باشی هەیە.
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، پێمان گەیشتووە و، هیوادارین بەم زووانە، بە یارمەتی خودا، رایبگەیێنین. چونکە کاتێک تۆ گازت هەیە، بۆ هەر وڵاتێک، کاری لە پێشینە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت و پشتیوان بەخوا وەک لە پڕۆژەی رووناکیییەوە بیستوومانە، ئەو بابەتە چارەسەر دەکرێت. پاشان کاری لە پێشینەی دواتر بۆ پیشەسازی تۆیە چونکە پیشەسازی بەرهەمی ئابووری و هەلی کار دروست دەکات و، پاشان کڕیاری زیاترت دەبێت و، داواکاری پیشەسازی جێگیرترە چونکە کارەبا بەپێی کەشوهەوا بەرز و نزم دەبێتەوە. لێرە لە ئیمارات، لە کەنداو، هەمیشە لە هاوین دا زیاترە. لە هەرێمی کوردستان، دوو لووتکەت هەیە، کە زستان و هاوینە، لە بەهار کەمترە، لە پاییز کەمترە، بەڵام لە کەرتی پیشەسازییدا داواکاری بۆ گاز، جێگیر و بەردەوامە. ئەمەش سوودێکی دیکەیە، بێگومان. پاشان ئەوکاتەی کە بەرهەمی زیادەت هەیە، باشە، بیر لەوە دەکەیەوە کە گاز هەناردە بکەیت و بەدوای ئەو بازاڕەدا دەگەڕێیت. بۆیە بە گشتی لە هەموو وڵاتێک، ئەمەیە شێوازی بیرکردنەوە لە پەرەپێدانی کەرتی گاز.  پێموایە لە سەرتاسەری جیهان دا ئەمڕۆ گازی سرووشتی وەک سووتەمەنی سەرەکی بۆ داهاتوو تەماشا دەکرێت، چونکە گاز، کارەبا دابین دەکات، مادەی خاو دابین دەکات بۆ پیشەسازی، بۆ بەرهەمی ئابووری و ئێستا گەشەی ژیریی دەستکرد و داواکاری سەنتەری داتاکان دەبینین کە زۆر گەورەیە و پێویستی بە گازیش زۆر زیاتر دەبێت لە سەرتاسەری جیهان دا.
 
رووداو: کەواتە بازاڕی داهاتووی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان کوێ دەبێت؟
 
مەجید جەعفەر: بێگومان، لەنێو عێراق دا دەبێت ، پێشبینی دەکرێت بازاڕی عێراق تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەیە بگاتە 8 ملیار پێ سێجا لە رۆژێک دا و پێویستی گەورە هەیە. وەک دەزانن، بۆ یارمەتیدانی هەموو عێراق بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێریی هەبێت . هەر وەک دەزانی پێشتر کارەبا هەناردەی بەشەکانی دیکەی عێراق دەکرێت و ویستیش هەیە کە گاز لە ئێمە بکڕن. بریاری فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە. لەم کاتەی ئێستادا توانای پێدانی گازی ئێمە سنووردارە . لە پڕۆژەی KM250 دا ، توانای 100 ملیۆن پێی سێجا هەیە کە ئێستا ناکرێت لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت لەبەرئەوەی پێویستە هەندێ بۆڕی بۆ رابکێشرێت. کە تاوەکو ساڵی داهاتوو تەواو دەکرێت. ئەمە ئەو گازەیە کە لە کورتمەودادا ئێمە دەتوانین بیگوازینەوە بۆ دیالە بۆ یارمەتیدان بۆ کارەبای ئەوێ لە ماوەیەکی کورت دا. لە ماوەی درێژخایەندا داواکاریمان هەیە لەلایەن وەزارەتی کارەبای عێراقەوە کە رۆژانە 400 ملیۆن پێ سێجا گازمان لێبکرن بۆ ماوەی 20 ساڵ. ئەمەش پێویستی بە پرۆژەیەکی دیکە دەبێت. رەنگە لە ریگەی کێڵگەی چەمچەماڵەوە بکرێت و دەبێت لە ریگەیەکی نوێیەوە پارەی بۆ دابین بکرێت. ئەوەش بەپێی بارودۆخەکە رەنگە دوو تاوەکو چوار ساڵی پێ بچێت، بەڵام ئەوە پڕۆەیەکی ئەرێنییە.
 
رووداو: ئەوە کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام ئەی کێلگەکانی دیکە لە عێراق ، ئێمە دەزانین کە ئێوە چەندین گرێبەستتان لە خولی پێنجەم و شەشەمی گرێبەستەکانی گازی وەزارەەتی نەوتی عێراق وەرگرت. دەکرێ هەندێ روونکردنەوە لەو بارەیەوە بدەی؟
 
مەجید جەعفەر: وەکو کۆمپانیای نەوتی هیلال، لە راستی دا لە خولی پێنجەمی گرێبەستەکان، ئێمە سێ پرۆژەمان وەرگرت. دوو لە دیالە و یەکێکیش لە بەسرە، لە نزیک سنووری کوێت. خەشمل ئەحمەر ، گەلەبات گومەر  و خزرڵ مای لە سنووری کوێت. ئەمانە گرێبەستەکانمانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کۆمپانیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کۆمپانیای نەوتی باشوور. ئێمەش وەک گرووپێک، گرووپی کۆمپانیاکانی هیلال، لە ماوەی 10 تاوەکو 15 ساڵی رابردوودا لە هەموو عێراق زیاتر لە 5 ملیار دۆلارمان وەبەرهێنان کردووە. نەک تەنیا لە بەشی نەوت و گاز، بەڵکو لە بەشی کارەباش دا. ئێمە کۆمپانیایەکی دیکەمان هەیە کە وێستگەی کارەبای دامەزراندووە، وێستگەی کارەبای مەنسوورییە. هەروەها لە باشووری عێراق لە کەرتی بەندەرەکان دا. ئێمە تێرمیناڵی بەندەری ئۆم قسەر بەڕێوەدەبەین. لە ریگەی یەکێکی دیکە لە کۆمپانیاکانی گرووپەکەمان کە پێیدەڵێن ( گۆڵف تەینەر)، کە گەورەترین بەکارخەری کەرتی تایبەتی تێرمیناڵی بەندەرەکانە لە هەموو جیهان دا. لەبەرئەوە ئێمە زۆر پێداگرین، خێزانەکەی ئێمە لە بنەڕەت دا لە عێراقەوە هاتوون و بە گشتی پابەندین بە وڵاتەکە.
 
رووداو: زۆر باشە ئێوە لە کەرتی لۆجستیک لە عێراق دا بەشدارن. سەبارەت بە کێلگەکانتان لە بەشەکانی دیکەی عێراق دا، ئایا تاوەکو ئێستا دەستان بە کارکردووە لەو کێلگانەدا؟
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، تاقیکردنەوەی بوومەلەرزەناسیمان لەو کێلگانەدا کردووە و ئامادەکاری بۆ کاری هەڵکۆڵینی بیر دەکەین. توانایەکی باش هەیە، بۆ نموونە لە دیالە زۆر دوور نین لە کۆرمۆر، لەو ناوچەیەی لە کوردستان کار دەکەین. هەمان تایبەتمەندی جیۆلۆجیشیان هەیە. لەبەر ئەوە دەمانەوێ لەوێش بەشداربین.
 
رووداو: سەبارەت بە هێزی کارتان، کارمەندە نێوخۆییەکانتان، ئایا ئێوە پشت بە کرێکار و کارمەندی نێوخۆیی دەبەستن؟ چەندە لە هێزی کارتان بیانییە؟
 
مەجید جەعفەر: ئەمە بۆ ئێمە کارێکی لە پێشینە بووە و بەتایبەتی بۆ خۆم بەتایبەتی گرنگە تاوەکو ئەو رادەیەی کە دەتوانین هێزی کاری نێوخۆیی بەکاربێنین. لەبەرئەوەش بەرزترین رێژەی هێزی کاری ناوخۆییمان هەیە. ئەوەش نەک تەنیا لە بەشی کرێکاری دا ، بەڵکو لە بەشی بەڕێوەبردن و کارگێڕیش دا. هێزی کاری ئێمە زیاتر لە 85٪ـی نێوخۆییە. ئەوەش شانازییەکی گەورەیە. هەر وەک باسم کرد لە پڕۆژەی KM250 ، زیاتر لە 1000 هێزی کاری کورد لە جیبەجێکردنی پڕۆژەکەدا بەشداربوون.  نزیکەی 800 کەسیان بەردەوام لای ئێمە کاردەکەن و، ئەمەش بۆ ئێمە هەمیشە مایەی شانازییە و ئێمە ئەوان رادەهێنین بۆ ئەوەی ئاستیان بەرزبێتەوە و بگەنە ئاستی بەڕێوەبەر و ئاستی زۆر پێشکەوتووە. راهێنانی هێزی کاری نێوخۆیی بۆ ئێمە زۆر گرنگە. زۆر دڵخۆشم و شانازی دەکەم لەو ناوچانەی کە کاری تێدا دەکەین، کۆمپانیای جیاواز دروستبوون. کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی پێشخراون. بەڕێزێک بەم دواییانە سەردانی کردم کە 10 ساڵ لەمەوبەر لە کۆمپانیاکەی ئێمە وەک کرێکار لە کێلگەی کۆرمۆر دەستی بە کار کرد، بەڵام ئێستا بووەتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەک و خزمەتگوزاری نەوتی بۆ ئێمە دابین دەکات.  لەبەرئەوە لەوکاتەوە کە ئێمە هاتینە کوردستان و دەستمان پێکرد بەڵێنماندا کە لەو ناوچانەی کە کار دەکەین، کارەبای 24 کاژێرییان هەبێت. ئەمەش شتێکە کە شانازی پێوە دەکەین. پێداویستی دیکەشمان دابین کردووە وەک دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە، دابینکردنی ئاوی خاوێن، کەواتە وەبەرهێنان لە کۆمەڵگەی خۆجێیی دا چەقی فەلسەفەی کارکردنە بۆ ئێمە، هەروەها لە ناوچەکانی دیکە، تەنانەت، وەک بنەماڵەی خۆم شانازی بەوە دەکەم کە پشتیوان بووین بۆ هاوکاریکردنی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک و هەروەها زانکۆی ئەمریکی عێراق لە سلێمانی . کەواتە پاڵپشتیکردنی نەوەی نوێ گرنگە بۆ فەلسەفە و ئەخلاقی وەبەرهێنانی ئێمە.
 
رووداو: لە روانگەی ئێوەوە پێویستە حکومەت و کۆمەڵگە چ بکەن وەک ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی زیاتر کارابن؟ ئایا هیچ بەربەست و ئاڵنگارییەک هەیە کە نیگەرانتان بکات یان کۆمپانیاکانی دیکە لە ناوچەکەدا نیگەران بکات؟
 
مەجید جەعفەر: ئێمە لەوێین بۆ ماوەیەکی درێژ. چەندین نەوەی یەک لە دوای یەکین کە پابەندین بەوەوە. رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر بووینەوە لەگەڵ حکومەت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لە ساڵی 2007 ەوە. هەندێ ناکۆکیمان لەگەڵ حکومەت هەبوون، بەڵام لە ریگەی ناوبژیوانییەوە و لە رێگەی یاساییەوە کۆتاییمان پێ هێنان و ئەنجامەکەشی سوپاس بۆ خودا بە چەشنێک کۆتایی هات کە وەبەرهێنانی زیاتری ئێمەی لێکەوتەوە. لەوکاتەوە کە کێشە یاساییەکەمان چارەسەرکراوە، ئاستی بەرهەمهێنانمان دوو هێندە بەرزکردووەتەوە. ئێمە کێشەمان هەبوو ئەوکاتەی کە داعش هێرشی کردە سەر عێراق. هەندێ کێشەی نێوخۆیی دیکەمان ئەوکاتە هەبوون. لەکاتی هێرشە درۆنییەکان دا بەداخەوە چوار لە هاوکارانمان گیانیان لەدەستدا، کە کرێکاری یەمەنی بوون و بەڵێندەری ئێمە بوون، ئەوەش ئەوکاتە بوو کە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی KM250 بووین. کەواتە شتی زۆرمان بەسەرهات. ئەوکاتەی داعش هێرشیکرد بینیمان کە هەندێک لە هاوکارانمان لە کۆمپانیاکانی دیکە و کۆمپانیا بیانییە رۆژئاواییەکان کوردستانیان بەجێهێشت. هەرچەندە سوپاس بۆ خودا نەیانتوانی بگەنە کوردستان. ئەوان یەکسەر رایانکرد بۆ فرۆکەخانەکان، بەڵام ئێمە ماینەوە، تەنانەت کارمەندە بیانییەکانیشمان مانەوە. ئێمە لەوێ (لە کوردستان) بۆ ماوەی درێژخایەن دەمێنینەوە و ئەو پابەندبوونەشمان سەلماندووە لە کاتی ئەو هەموو بەربەستانەدا. گرنگرتین شت لەڕوانگەی حکومەتەوە بە بڕوای ئێمە وەک وەبەرهێنەرێک، ئاڵۆز نییە. سێ شتە:  پێدانی مافە داراییەکانە لە کاتی خۆیدا. پەسەندکردنی خێرا و بڕیاری خێرا و، رێزگرتن لە گرێبەستەکانمان. ئەمانە بنەما و کۆڵەکەن بۆ وەبەرهێنەر. نەوت و گاز وەبەرهێنانی گەورەن و مەترسی وەبەرهێنانی زۆرە لە ماوەیەکی درێژدا. ئەگەر حکومەت ئەو سێ شتە جێبەجێبکات، کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن. سەبارەت بە گەنجانیش من هانیان دەدەم کە چاو لەم پیشەسازییە بکەن. هەندێ جار کەسانی گەنج پێیانوایە کە نەوت و گاز پیشەسازییەکی کۆنە و دەیانەوێ لە تەکنۆلۆجیا و کەرتی دیکەدا کاربکەن، بەڵام لەراستی دا نەوت و گاز کەرتێکە بە تەکنۆلۆجیای هەرە بەرز ناسراوە. پیشەسازییەکە کە ئەندازیاری، دارایی و بازرگانی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ یەک کۆدەکاتەوە. من خۆم ئەمەم تاقیکردووەتەوە. من لە کۆمپانیای شێلەوە دەستم بە کارکردن کرد و هەموو ژیانی پیشەییم لەو کەرەتەدا بووە. ئێستا پەیوەندی بتەو دەبینم لە نێوان وزە و تەکنۆلنۆلۆجیا دا. وەک چۆن دەڵێین، ژیریی دەستکرد  و ناوەندی داتا، وەک چۆن بەم دواییە کۆنفرانسی ئەدیپێکمان هەبوو، کە هەموو پەیوەست بوو بە چۆنیەتی پێکەوە گرێدانی وزە و ژیریی دەستکرد. خاڵ و فۆکەسی سەرەکی ئەوەیە. لە رابردوودا دەگوترا ( زانیاری)، (دەسەڵات یان وزە )  بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام لە داهاتوودا ( دەسەڵات یان وزە) زانیاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. چونکە بۆ ئەوەی  ناوەندی داتات هەبێ، پێویستیت بە وزەیە . وزەش لە کارەباوە دێت کە لە زۆر باردا لە گازی سرووشتییەوە بەرهەم دێت.
 
رووداو: باشە چەند لەو جۆرە تەکنۆلۆجیانەی کە پەیوەستن بە ژیریی دەستکردەوە لەلایەن پیرڵ پێترۆڵیم، دانا گاز و کرێسنتەوە بەکاردێن بۆ نموونە لە کۆمۆر؟
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ، لە بازنەیەکی فراواندا ئێمە تەکنۆلۆجیامان بەکارهێناوە بۆ زیادکردنی کارامەیی و کەمکردنەوەی وەستان و گرفتە تەکنیکییەکان. دەزانی لەڕیگەی تەکنۆلۆجیاوە دەتوانین پێشبینی بکەین کە لە چ بەشێکدا کاری چاککردنەوەمان پێویستە. بۆ نموونە لەجیاتی ئەوەی چاوەڕوان بکەی کەی دزەکردنێکی گاز روودەدات، ئەو کەرەستە و تەکنۆلۆجیایە دەتوانێت پێش روودانی ئەو کێشەیە ، پێت بڵێت ئەگەری دزەکردنی گاز هەیە لە داهاتوودا. لەبەرئەوە پێشوەختە تۆ دەتوانی رێگە لە سەرهەڵدانی ئەو کێشانە بگریت و بیانناسیتەوە. ئەمەش خەرجییەکان کەم دەکاتەوە. ئاستی دەردانی گازیش کەم دەکاتەوە کە زیانی بۆ ژینگە هەیە و دەتوانی دڵنیابی لەوەی کە بە بەرزترین تواناتەوە دەتوانی گاز بەرهەم بێنی. ئەمانەش هەموو زۆر سەرنجڕاکێش و یارمەتیدەرن. نموونەیەکی دیکە لە کاتی تاقیکردنەوەو ئامادەکارییەکاندا، بۆ نموونە لە رابردوودا تاقیکردنەوەی بوومەلەرزەناسی پێویستی بە دانان و بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر وایەر هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی تەکنۆلۆجیاوە پێویستی بە وایەر نەماوە. ئەمەش کارەکە خیرا دەکات. تەنانەت لە کاتی خوێندنەووی داتاکانیشدا. لە رابردوودا کەسێک بەدیار داتاکان بە قەڵەمی رەنگییەوە  دادەنیشت و سەرقاڵی کێشانی هێڵ و خوێندنەوەی نەخشەکان بوو، بەڵام ئێستا لە ریگەی ژیریی دەستکردەوە خوێندنەوە و شرۆڤە تەکنیکییەکان زۆر خێراتر و وردتر و دروستترن. کەواتە لە هەموو بەشێکدا لە خوێندنەوە و شرۆڤە تەکنیکییەکاندا بگرە تاوەکو کارپێکردنی ئامێرەکان، تەکنۆلۆجیا تواناکانی ئێمەی  پێشخستووە. ئەمە بەدیاریکراوی زۆر باشە بۆ بەکارهێنەری کۆتایی  و بۆ ئابووری.
 
رووداو: باسی بابەتە یاساییەکانت کرد و، پێویستی ئەوەی کە دەبێ بریارەکانی حکومەت بە خێرایی بدرێن. رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینی؟ ئەمە چۆن یارمەتیدەرە بە شیوازی گشتی لە کۆی پیشەسازییەکەدا؟
 
مەجید جەعفەر: بەڕای من ئەوە هەنگاوێکی گرنگە. ئێمە راستەوخۆ پەیوەست نین بەم بابەتەوە. لەبەرئەوەی ئێمە گاز و کۆندێنسێت  و گازی LPG بۆ بازاڕی نێوخۆیی دابین دەکەین. ئێمە بەشێک نین لە پرۆسەی هەناردەکردن. دەتوانم بڵێم مایەی شەرمەزاییە کە تاوەکو کۆتایی حکومەتی ئێستای عیراقی خایاند تاوەکو ئەو چارەسەرە بەدەستهات، کەمێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. هیوادارین لە حکومەتی نوێ دا ئەو پرۆسەیە کە لە سەرەتاوە رێککەوتن لەسەری کرا، بە دروستی جێبەجێبکرێت. لەبەرئەوەی من لە بیرمە لە سەرەتای ئەم حکومەتەوە رێککەوتنێک هەبوو لەسەر بودجە. بابەتەکە روون بوو، لانیکەم بۆ من روون بوو. بەڵام دواتر خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کرد و کێشەکان سەریانهەڵدا. ئەوەش یارمەتیدەر نەبوو. دەستووری عیراق زۆر روونە لەبارەی ماف و ئەرکی هەموو لایەک.
 
رووداو: بەڵام خەڵک هێشتا لە هەرێمی کوردستان مووچەکانیان داودەکەوێت  لەبەرئەوەش تووشی سەختی ژیان بوونەتەوە؟
 
مەجید جەعفەر: بەڵێ. ئەمە بەڕاستی کێشەیەکی گەورەیە. دەزانی یاسای نەوت و گاز هێشتا پەسەند نەکراوە. لەبیرمە یەکەم رەشنووسی ئەو یاسایە ساڵی 2007 پێشنیاز کرا. ئێستاش لە ساڵی 2025 داین. هەرێمی کوردستان یاسای نەوت و گازی خۆی پەسەندکرد. ئێمە هیوادارین. دەستووی عێراق و بنەماکەی بە تەواوی روونە. سامان، داهاتی نەوت و گاز دەبێت لە قازانجی هەموو خەڵک و  ناوچە و حکومەتەکان بێت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە نەتوانی وەبەرهێنەری جیاوازت لە ناوچەی جیاوازدا هەبێت. هەروەها زۆر روونە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەیە. مافی دەستووری هەیە. ئێمە هیوادارین هاوبەشییەکی باشتر لە نێوان لایەنەکان دروست بێت کە ببێتە هۆکار بۆ بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان و زیاترین قازانج.
 
رووداو: کەواتە ئایا بەڕای تۆ، بەلامەرکەزی کردنی وەبەرهێنان لە عێراق باشترە یان بەپێچەوانەوە، بەناوەندکردنی ؟ ئایا تۆ لەگەڵ ئەوەی کە هەرێمەکان بتوانن دەسەڵاتیان هەبێت ناوچە نەوتییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن یان دژی ئەوەی؟
 
مەجید جەعفەر: بەڕای من دەستووری عێراق زۆر روونە. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات. دەستوور، دەستوورێکی فیدراڵییە. هەندێ دەسەڵات هەیە کە بە تەنیا بۆ حکومەتی فیدراڵین کە ئەمانەن: بانکی فیدراڵی ، چاپکردنی پارە، سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی بەرگری. دەسەڵاتەکانی دیکە دراون بە هەرێمەکان و پارێزگاکان. دەستوور لەسەر ئەوە روونە. لێرە لە ئیمارەت هەمان شتمان هەیە. هەمان شت هەیە لە ئەمریکا، لە هیندستان لە ئەڵمانیا، لە سویسرا، لە کەنەدا و لە زۆر وڵاتی دیکەدا کە سیستمی فیدراڵییان هەیە. ئێمە بینویمانە لێرە لە ئیمارات کاتێک تۆ سیستمی فیدراڵیت هەیە، گەشەسەندنی ئابووری زیاترە. لەبەر ئەوە دەستەواژەیەک هەیە کە لە زانکۆ بازرگانییەکان پێیدەڵێین ( کۆ ئۆپتیشن)، کە واتاکەی رکابەری دۆستانەیە لەنێوخۆدا. هەرێمی جیاواز هەوڵی راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەدەن لەڕیگەی سیاسەتی باشترەوە. ئەمەش بۆ هەموو لایەک باشە. هەموو کەسێکیش سیاسەتی باشی یەکتر کۆپی دەکەن و بەوپێیەش ستانداردی هەموو لایەک بەرزدەکەنەوە. تەماشاکە ئیمارات لەژێر چەتری سیستمی فیدراڵی دا چ دەستکەوتێکی گەورەی هەبووە. بەتەنیا لە ماوەی نزیکەی زیاتر لە 50 ساڵ دا، بەڕاستی ئەفسانەیە. کەواتە پێموایە دەتوانێ ببێتە سیستمێکی زۆر باش. هەبوونی دەیان ساڵ ناوەندێتی لە عێراق لە کاتی سەردەمی رژێمی پێشوودا، بووە هۆکار بۆ وێرانبوونی عێراق. بەڕای من ئەمە زۆر ڕوونە. لەبەرئەوە هیوادارم بنەماکانی دەستوور جێبەجێبکرێن لە ریگەی یاسا ، سیاسەت و کردار کە قازانجی بۆ هەموو کەسێک لە عێراقدا هەبێت، وەک چۆن لە ساڵی 2005 دا لەلایەن عێراقییەکانەوە زۆرینەی خەڵک دەنگی پێداوە.
 
رووداو: زۆر راستە، بەڵام جێگەی سەرسووڕمانە کە سەرەرای ئەو هەموو هۆکارە روونانە کە ئێستا باست کردن، هێشتا بە کردەوە لایەنەکان و حکومەتی فیدراڵی خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ دەستوور دەکەن، جیاواز لەوەی کە هەرێمی کوردستان دەیکات. ئایا چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە هەیە کە بەڕای تۆ دوو حکومەت بتوانن بیگرنە بەر بۆ ئەوەی سەرئەنجام پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لێبکەوێتەوە؟ چۆن لەو بارەیەوە بیر دەکەیەوە؟
 
مەجید جەعفەر: تەماشا بکە، هەندێ خەڵک هێشتا لە بەغدا لە هەندێ لە وەزارەتەکان و لە پەرلەمانیش دا، روانگەیان ئەو روانگەی پێشتر و کۆنی ئەو سەردەمەیە کە هەموو شتێک بەشێوازی ناوەندی لە بەغداوە دەکرا. ئەوان وادەزانن کاتێک لە دەستووردا باس لە (هەموو خەڵکی عیراق) دەکرێت، ئەو خەڵکە  تەنیا وەزارەتێک  یان چەند وەزارەتێک لە بەغدا نوێنەرایەتییان دەکات. ئەمە ئەو شتە نییە کە دەستووری عێراق دەیڵێت. ئێمە بینیومانە حکومەتی ئێستا، حکومەتی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، رێگەی کرادری گرتووەتەبەر و بەشێوازی ئایدیۆلۆجی بیرناکاتەوە. یان لە دژی ئەو لایەن، ئەو نەتەوە و ئەو گرووپە کاری نەکردووە. ئەوان مەیلیان هەیە بەرەو پێشەوە بڕوانن لە ریگەی پڕۆژە و وەبەرهێنان لە ژێرخانەدا کە لە قازانجی هەموو خەڵکی عێراقە. هەروەها لە رێگەی بەردەوامیدان بە ناردنی مووچەکان . پێمانوایە و هیوادارین حکومەتی نوێی عێراق لە دوای هەڵبژاردن درێژە بەوە بدات و زیاتریشی بکات و پێشی بخات. دەستوور روونە کە ئەو سەرچاوانە دەبێت قازانج بە هەموو خەڵکی ناوچە و هەرێمەکان بگەیێنن و، بنەماکە ئەوەیە کە بەشێوازێک بێت کە پشکی هەر لایەک بەپێی ژمارەی دانیشتووانی بێت و ئەوەی کە بینیومانە نەبوونی یاسای پێویستە، بەتایبەتی یاسای هاوبەشکردنی داهات. چۆن داهات دابەش بکرێت؟ روانگەی من هەمیشە ئەوە بووە کە هاوبەشکردنی داهات وەک دابەشکردنی کێکەکەیە. ئەو کاتەی بریار لەسەر ئەوە درا کە چۆن کێکەکە دابەش بکرێت، تۆ چیدیکە شەڕی لەسەر ناکەی. بەڵکو دوو لایەن دەبێت هەوڵبدەن تاوەکو پێیان دەکرێ، کێکەکە گەورەتر بکەن. ئەوەش دەبێتە یاسای وەبەرهێنان لە نەوت و گازدا. ئەگەر ئێمە نەزانین پشکمان لە کێکەکە چییە، نازانین چۆن دەبێت کێکەکە گەورەتر بکەین. کەواتە بۆ من لۆژیکەکە ئەوەیە، بەداخەوە ئەوە لە 2007 و 2008 رووینەدا، بەڵام خاڵی دەستپێک هاوبەشکردنی داهاتەکەیە و ئەوەی کە چۆن داهاتەکە دابەش دەکرێت. نابێت دانوستاندن هەبێت بۆ ماوەی ساڵێک لەسەر یاسای بودجە. دەبێت تەنیا یەک یاسا هەبێت کە بنەماکانی روون بێت بۆ هەموو ساڵانی داهاتوو. لە جیاتی ئەوەی دانوستاندن بکرێت هەموو ساڵێک کە تەمەنی هەموو حکومەتی ئێستای برد، وەک چۆن دەبینین لە کۆتایی ئەم حکومەتە روویدا. پشتیوان بەخوا لە داهاتوودا باشتر دەبێت.
 
رووداو: پرسیاری کۆتاییم ئەویە پەیامت چییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان؟
 
مەجید جەعفەر: پەیامی من ئەوەیە کە سوپاسیان دەکەم. دەمەوێ پێرۆزباییان لێبکەم، پیرۆزە بۆ ئەو دەستکەوتە گرنگە کە پێکەوە بەدەستمان هێناوەو بەڕاستی ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن خۆمان بە پابەند دەزانین. سوپاسی ئێوە دەکەین بۆ هاوبەشیتان. هەرچی پێمان دەکرێت، دەیکەین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە. هەروەها بۆ ئەوەی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان جێبەجێبکەین. هانی گەنجان دەدەین چاویان لەسەر ئەم پیشەسازییە بێت وەک پیشەسازییەکی بەهێز و درێژخایەن بۆ ئەوەی لەو پیشەسازییەدا کاربکەن، چ لە کۆمپانیاکەی ئێمە بێت یان لە کۆمپانیاکانی دیکە بێت کە لە هەرێمی کوردستان چالاکن. ئێمە هاوبەشێکی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستانین، هاوبەشی هەموو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانین. لەڕووی ئەمنیشەوە پاڵپشتییەکی باشمان لێدەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەلایەن بەرپرسانی حکومەت لە سلێمانییەوە، هەروەها بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و لەلایەن حکومەتی ئیماراتیشەوە. بەدڵنیاییەوە ئاسایش و سەلامەتی، کاری هەرە لە پێشینەیە بۆ خەڵکەکەمان و کارمەندانمان و بڕوامان وایە، ئەوەی کە خەریکین دەیکەین لە دڵەوە، باشە بۆ هەرێمی کوردستان و باشە بۆ عێراق و هیوادارم بتوانین لەوە بەردەوام بین لە ساڵانی داهاتووش دا.