بەریتانیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا رێکنەکەوتووە و ترسی لە سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراک هەیە


رووداو دیجیتاڵ

گفتوگۆکانی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کاروباری بازرگانی نێوانیان لەدوای جیابوونەوەی بەریتانیا تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوام بوون، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەک لە حکومەتی بەریتانیا تاوەکو ئێستا پێشنیازەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەریتانیا جێگەی پەسند نین.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە دوایین دەرفەتی رێککەوتنەکە لەنێوان دوو لایەن و هۆشداری دەدرێت ئەگەر دوو لایەن نەگەنە رێککەوتن ئەوا کۆمەڵێک کێشە لەبەردەم ئەو دوو لایەنە دروستبێت، یەکێک لەو کێشانە دانانی پێناسی گومرگییە بەسەر کاڵای بەرامبەردا.
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بێهیوایی خۆی لە پرۆسەی دانوستاندنەکان بەو شێوازە دەردەبڕێت. دەڵێت "تیمی دانوستاندنکاری ئێمە ئێستا لە برۆکسلن. ئەگەر باس لە پێشنیازێکی گەورە بکەین، ئەوا دەبێت بڵێم، هێشتا ئەوروپییەکان ئەو پێشنیازەیان نەکردووە کە ئاراستەی دانوستاندنەکان بگۆڕێت. بەداخەوە لە دوو بواری گرنگدا هێشتا پێشکەوتن بەدەستنەهاتووە".
 
یەکێتیی ئەوروپا، بە گوتەی جۆنسن، دەیەوێت بەریتانیا لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانیاندا قەتیس بمێنێت. "دیارە ئەمە ناکرێت. پرسی دیکەش پرسی ماسییە. ئێمە دەمانەوێت کۆنترۆڵمان هەبێت بەسەر ئاوەکانی خۆماندا و رێگەکەش دیارە. گەشبین بووین پێشکەوتن بەدەستبێت، بەڵام دەبێت ئەوەتان پێبڵێم، لەم ساتەدا کە لەگەڵ ئێوە وەستاوم. هەموو ئاماژەکان لەوە دەچن کە دوای رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە، بەپێی یاسا و رێساکانی رێکخراوی بازرگانی جیهان کاردەکەین". 
 
کێشەی گەورەی ئەوروپییەکان لەگەڵ بەریتانیا ئەوەیە کە خوازیارن ئەگەر بەریتانیا بەنیازی مانەوەیە لە بازاڕی یەکگرتوویی ئەوروپا، ئەوا دەبێت بازاڕی ناوخۆیی بە رووی کۆمپانیا ئەوروپییەکان بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، تەنانەت دوای جیابوونەوە لە یەکێتییەکە.
 
ئۆرسۆلا ڤان دێرلاین، سەرۆکی کۆمۆسیۆنی ئەوروپاش دەڵێت، "هەڵوێستی دوولایەن هێشتا زۆر جیاوازە، بەردەوام بە بەریتانییەکانمان گوتووە. رەخسانی بوار بۆ رکابەری تەندروست و یەکسان، پێشمەرجە بۆ دەستگەیشتنی بەریتانیا بە بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا".
 
لە ناوخۆی بەریتانیا ئامادەکاری بۆ جیابوونەوە بەبێ رێککەوتن دەکرێت، حکومەتی بەریتانیا داوای لە سوپەرمارکێتەکان کردووە ئەگەر هاتوو رێکنەکەوتن بەشی پێویست خۆراک کۆگا بکەن و هەوڵی ئەوە دەدات ئەو لۆرییانەی کە رۆژانە لەنێوان سنوورەکانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا خۆراکی تازە دەگوازنەوە بەبێ وەستان بەڕێبکات بۆ ئەوەی کەمیی خۆراک دروستنەبێت.
 
پێشبینیکراوە بە دەیان کیلۆمەتر لۆری بە ریزەوە بووەستن بۆ ئەوەی کارەکانی پەیوەست بە پێدانی رەسم و پێناسی گومرکی جێبەجێبکەن لەکاتی تێپەڕینیان لە سنوورەکانی نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا.