نرخی بیتکۆین 95 هەزار و 500 دۆلاری دەربازکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نزیکەی 4000 دۆلار بەرزبووەتەوە و ئێستا یەک بیتکۆین بە زیاتر لە 95 هەزار و 500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا، نرخی بیتکۆین رۆژی سێشەممە 94 هەزار دۆلاری دەربازکرد و بە تەنیا دوێنێ بە رێژەی 3.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
ئامارەکانی نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکییان لەم مانگەدا لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە زیادکردووە.
 
هاوکات کۆمپانیاکانی پەیوەست بە وەبەرهێنان لە بیتکۆین، قەبارەی کڕینەکانیان زیاد کردووە.
 
کۆمپانیای (ستراتژی) نزیکەی 1.25 ملیار دۆلار بیتکۆینی کڕیوە.
 
کۆمپانیای (بیت گۆ)، کۆمپانیایەکی دیکەی تایبەت بە وەبەرهێنان لە بیتکۆین رایگەیاندووە، دەست بە خستنەڕووی پشکەکانی لە بازاڕەکانی بۆرسە دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە هەروەها لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیارە دامەزراندنی ناوەندێکی یاسادانان و چاودێریی دراوە دیجیتاڵییەکان تاوتوێ دەکات.
 
ئەمانە هەمووی پاڵپشتییان بۆ نرخی بیتکۆین دروستکردووە.