راوێژکارێکی سوودانی: سەپاندنی باجی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە کاریگەریی لەسەر عێراق نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، رووبەڕووی باجی گومرگیی 25% دەبێتەوە؛ عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سەپاندنی باجەکە کاریگەری نابێت.
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، باجە نوێیەکان "دەستبەجێ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر شێواز و سنووری جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئاشکرا بکات. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە نەخشەی بازرگانیی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی وەک چین، تورکیا و هیندستان.
 
کەرتی وزە و بازرگانییەکی 12 ملیار دۆلاری
 
عێراق چوارەمین گەورە هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە لە جیهاندا و قەبارەی بازرگانییەکەی دەگاتە 12.3 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 9.9%ـی کۆی چالاکییە بازرگانییەکانی ئێران. عێراق بۆ دابینکردنی 40%ـی پێویستییەکانی کارەبای خۆی، پشت بە ئێران دەبەستێت.
 
هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە 23ی کانوونی یەکەمی پارەوە راگیراوە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، راگیرانەکە بووەتە هۆی ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 4500 مێگاوات کەم بکات.
 
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو باجە گومرگییە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر حکومەتی عێراق نابێت، چونکە عێراق هەناردەیەکی ئەوتۆی بۆ ئەمریکا نییە جگە لە نەوتی خاو، کە رۆژانە بە تێکڕا زیاتر لە 250,000 بەرمیلە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "نەوتی عێراق ناچێتە چوارچێوەی ئەم باجانەوە، چونکە پەیوەستە بە ئاسایشی وزە و میکانیزمە جیهانییەکانی نرخی نەوت."
 
ئەم بڕیارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئێستا هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بەهۆی سەرما و پێویستیی ناوخۆیی ئێران و کێشە داراییەکانەوە راوەستاوە. هاوکات عێراق پێشتر بەهۆی بڕیارێکی دیکەی ترەمپەوە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، رووبەڕووی باجی 35% بووەوە.
 
بەگوتەی عادل عەگاب، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق بۆ رووداو، داهاتی ئەو کاڵایانەی لە عێراقەوە هەناردە دەکرێن، ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلارە، کە زۆربەیان بۆ بازاڕەکانی کەنداو و، بەشێکیشی هەناردەی چەند وڵاتێکی ئەورووپی دەکرێت.
 
ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران بەهۆی "سەرکوتکردنی خوێناوی"ی خۆپێشاندانەکانەوە گەیشتووەتە لووتکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10,600 هاووڵاتیی دەستگیر کراون و داواکاری گشتیی تاران هەڕەشەی سەپاندنی تۆمەتی "محاربە" (دوژمنایەتی خودا) بەسەر دەستگیرکراوەکاندا دەکات، کە سزاکەی لەسێدارەدانە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کوژرانی 734 کەسی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە گوتی، "ژمارەی راستیی کوژراوەکان رەنگە بگاتە هەزاران کەس."