کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی زیوی بەرزکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتی داخرانی بازاڕەکاندا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 2.83٪، یاخود 2.12 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 77.45 دۆلار.
 
بەم پێیە ئێستا لە بازاڕەکانی جیهاندا کیلۆیەک زیو بە 2,490 دۆلارە.
 
لە گرێبەستەکانی ئایندەش بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوو، ئۆنسەیەک زیو بە 77.96 دۆلارە.
 
ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی زیو داناوە؛ بەپێی ئامارەکە کە ئێوارەی دوێنێ هەینی بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە 2.7٪ـەوە بۆ 2.4٪ دابەزیوە، ئەوەش کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان و نرخی کانزاکانی بەرزکردووەتەوە.
 
رێژەی هەڵاوسانی بنەڕەتیش کە سەرجەم کاڵاکان دەگرێتەوە جگە لە خۆراک و وزە، لە 2.6٪ـەوە بۆ 2.5٪ دابەزیوە.
 
ئەم ئامارانە بوونە هۆی ئەوەی هیوای وەبەرهێنەران بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا زیاتر بێت. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکە، نرخی دۆلاریش لە بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان لاواز بوو، ئەمەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زیو دروستکرد.
 
پێشتر رۆژی چوارشەممە حکومەتی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە مانگی رابردوو رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەت لە 48 هەزارەوە گەیشتووەتە 130 هەزار هەلی کار، ئەمە هیوای وەبەرهێنەرانی لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ کەمکردبووەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو لە ئاستەکانی 84 دۆلارەوە بۆ کەمتر لە 75 دۆلار دابەزی و 11.38٪ـی نرخەکەی لەدەستدابوو.
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەکەی دوێنێش، بەڵام سێیەمین هەفتەی لەسەریەکە بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە دەهێنێت.