نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە کەمتر لە 63 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە رۆژی هەینی نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا دابەزین.
لەکاتی داخستنی بازاڕەکان، شەوی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 15 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 62 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت رۆژی پێنجشەممە بە رێژەی 3% دابەزینیان بەخۆوە بینی و بەوپێیەش لە ئاستی هەفتانەدا دابەزین.
شارەزایانی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە دەڵێن، "ئامارەکانی هەڵاوسان کە رۆژی هەینی بڵاوبوونەوە، پێشانی دەدات کە نرخەکان لە ئەمریکا بەرەو سەقامگیری دەڕۆن و کەمتر لە ئاستی پێشبینیکراو بەرزبوونەتەوە."
دابەزینی نرخەکان و هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی وەکو پاڵپشتی بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان.
دێنیس کیسلەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (بی ئۆ کەی فاینەنشیاڵ) لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەدات، "ئەگەری هەیە ئەندامانی ئۆپێک نەوتی زیاتر بخەنەڕوو و ئەوەش لە مامناوەند و درێژخایەندا گوشار بۆ نرخەکانی نەوت دروستدەکات."