عێراق بەدواداچوون بۆ کردنەوەی سەکۆیەکی تایبەت بە بازرگانە بچووکەکان بۆ کڕینی دۆلار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عێراق بەدواداچوون بۆ کردنەوەی سەکۆیەکی تایبەت بە بازرگانە بچووکەکان بۆ کڕینی دۆلار دەکات و سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێریش دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە "زۆر باش" دەبێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 14ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێدانی دۆلار بە بازرگانە مامناوەند و بچووکەکان بە نرخی فەرمی زۆر باشە و پشتیوانیی لێدەکەن، چونکە ئەو بازرگانانە لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی سوودمەند نین، بەهۆی ئەوەی مەرجی پێدانی دۆلار ئەوەیە کە دەبێت خاوەن کۆمپانیا بن.
گەیلان حاجی سەعید گوتی، ئەو بڕیارە وایکردووە بازرگانە بچووکەکان بێبەش بن، لەکاتێکدا مەرج نییە هەموو بازرگانێکی بچووک و مامناوەند خاوەن کۆمپانیا بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی بازرگانە بچووک و مامناوەندەکان زۆر زیاترە لەوانەی خاوەن کۆمپانیان.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر، وەک نموونە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ژووری بازرگانیی هەولێر نزیکەی 33,000 ئەندام هەن، کەچی تەنیا 12,000یان خاوەن کۆمپانیان و پێی وایە پێدانی دۆلار بەو چینە کاریگەریی گەورەی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەحمەد جاسم عگێدی، بەڕێوەبەری بەشی دیاریکردنی نرخ لە دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووری، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە کردنەوەی سەکۆیەک بۆ کڕینی دۆلار، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی بازرگانە مامناوەند و بچووکەکان."