ژووری بازرگانیی هەولێر: کێشە گومرگییەکان کاریگەرییان لەسەر نرخی خۆراک نابێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایدەگەیێنێت، زیادکردنی پێناسی گومرگی و سیستەمی نوێی گومرگی ئەسیکۆدا لە عێراق بازرگانانی تووشی شۆک کردووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی. دەشڵێت، بازرگانیی هەرێمی کوردستان سست بووە و کاریگەریی لەسەر نرخەکان هەبووە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، سەپاندنی پێناسی نوێی گومرگی و سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ بازرگانان و دواجار بۆ هاونیشتمانییانیش دروست کردووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتی: "گرانبوونی گومرگ بە شێوەیەکی کتوپڕ بوو، بەتایبەت بۆ ئەو بازرگانانەی کاڵاکانیان لە رێگەی وڵاتانی دوورەوە بەرەو عێراق بەڕێکرابوو. کاتێک کاڵاکان گەیشتنە بەندەری ئومقەسر، بازرگانان تووشی سەرسوڕمان بوون، چونکە گومرگەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادی کردووە."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر بازاڕ، گەیلان حاجی سەعید هۆشداری دا کە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، نرخی کاڵاکان گران دەبێت. گوتیشی: "ئەو کاڵایانەی نرخی هەڵسەنگێندراویان زۆرە، وەک ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کاریگەریی گرانبوونەکە زیاتر دەیانگرێتەوە، بەڵام بۆ دەرمان و خۆراک رێژەی گومرگەکە کەمترە."
حکومەتی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گومرگی بە رێژەی 5٪ بۆ 30٪ زیادکردووە. بەوهۆیەوە زیاتر لە 70 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی عێراق ماونەتەوە.
ماوەی مانەوەی کۆنتێنەرەکان لە بەندەرەکان بۆ 60 رۆژ درێژکراوەتەوە. دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە، بۆ هەر رۆژێک کە کۆنتێنەرەکە بەڕێ نەکرێت و رێکارەکانی تەواو نەکرێن، سزای پێبژاردنی دارایی بەسەردا دەسەپێندرێت.
بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدایە، کە عێراق لە 2023ـوە جێبەجێی دەکات، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە و هەولێر و بەغدا لەسەری رێکنەکەوتوون.
گەیلان حاجی سەعید دەڵێت، بەپێی دەستوور، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەبێت بە هاوبەشێ بێت، بەڵام بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەروازەکان نەهێڵێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر نیگەرانیی خۆی پێشان دا لەوەی لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا، نوێنەرانی کەرتی تایبەت و ژوورە بازرگانییەکان بەشدار نین. ئەو باس لەوە دەکات، "پێویست بوو ئێمە بەشدار بین بۆ ئەوەی واقیعی بازاڕ و کێشەی بازرگانان بگەیێنینە لایەنی پەیوەندیدار، چونکە حکومەتی فیدراڵ بەم بڕیارانە هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان لاواز بکات."
لەبارەی دابینکردنی کاڵاکان بۆ مانگی رەمەزان، گەیلان حاجی سەعید دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان نەچووەتە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو سیستمە بەو شێوەیەی بەغدا دەیەوێت، بۆیە دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و سنوورەکانی دیکە کراوەن و بە سیستمی پێشوو کار دەکەن.
گوتیشی: "خۆراک و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە تورکیا و وڵاتانی دیکەوە دێن، نەک لە بەسڕەوە، بۆیە ئومێد دەکەین کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی خۆراک دروست نەبێت."