جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەرویج ناچار دەکات بۆ دەرهێنانی نەوت بگەڕێتەوە جەمسەری باکوور

 
رووداو دیجیتاڵ

نەرویج، کە لە دوای جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە بووەتە گەورەترین دابینکاری گاز بۆ یەکێتیی ئەورووپا، هەوڵ دەدات جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک هەلێک بەکاربهێنێت بۆ قایلکردنی یەکێتیی ئەورووپا تاوەکو رێگەی پێبدات لە جەمسەری باکوور  نەوت و گاز دەربهێنێت.
 
لەپێناو پاراستنی ژینگە، لە ساڵی 2021ـەوە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریداوە کار بکات بۆ سەپاندنی قەدەخەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر دەرهێنانی نەوت و گاز لە جەمسەری باکوور. بەڵام ئێستا کە کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێداچوونەوە بەو سیاسەتەدا دەکات، بەرپرسان و بازرگانانی نەرویج دەستیان بە گوشار کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەدەخەیە.
 
هۆکاری گوشارەکان: قەیرانی هورمز
 
ئێران بەهۆی جەنگەوە رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و گازی لە تەنگەی هورمز پەکخستووە، نەرویجیش ئەم دۆخە وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت.
 
ئان کارین ساسەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە دامەزراوەی کەشوهەوای نەرویج دەڵێت، "ئەوان دۆخەکە بۆ گوشار دروستکردن دەقۆزنەوە."
 
نەرویج بە ئەورووپا دەڵێت باشترە وزە لە وڵاتێکی "دیموکراسی و ئاشتیخواز"ی وەک ئەوانەوە دابین بکەن، تەنانەت ئەگەر لە جەمسەری باکووریش بێت، نەک پشتبەستن بە ناوچە پڕ ململانێکانی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ترۆڵس گولۆسن، سەرۆکی کۆمەڵەی پاراستنی سرووشتی نەرویج پێی وایە: "بەهۆی دۆخی ئێستای ئۆکراینا و ئێرانەوە، رەنگە ئاسان بێت ترس بخرێتە دڵی سیاسەتڤانانی ئەورووپاوە."
 
پێداویستییەکانی ئەورووپا و سامانی نەرویج
 
نەرویج لەم کاتەدا نزیکەی سێیەکی پێداویستیی گازی ئەورووپا دابین دەکات. وڵاتەکە تەنیا دوو کێڵگەی گازی هەیە لە باکووری بازنەی جەمسەری باکوور کە ئەوانیش سنۆڤیت و ئاستا هانستین-ن.
 
بەپێی ئامارەکان، نەرویج هێشتا 3.48 ملیار مەتر سێجا یەدەگی دەستلێنەدراوی نەوت و گازی هەیە، کە بڕوا وایە 60%ـی ئەو بڕە لە دەریای "بارێنتس"ی جەمسەری باکوور بێت. لە مانگی کانوونی دووەمیشدا، حکومەتی نەرویج پێشنیازی کرد 70 ناوچەی نوێ بۆ گەڕان بکرێنەوە کە نیوەیان لەو دەریایەدان.
 
تێری ئاسلاند، وەزیری وزەی نەرویج رەتیدەکاتەوە هەڵوێستیان پەیوەندیی بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەبێت، بەڵام هۆشداریدا کە ئەگەر بەرهەمی جەمسەری باکوور نەبێت، نرخەکان زۆر لەوەی ئێستا بەرزتر دەبنەوە.
 
مەترسییە ژینگەیی و ئەمنییەکان
 
سەرەڕای ئەم گوشارانە، کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەڵێت "هەڵوێستیان نەگۆڕاوە" سەبارەت بە قەدەخەکردنی دەرهێنانی نەوت لە جەمسەری باکوور.
 
چالاکڤانانی ژینگە وەک کارۆلاین ئەندۆر لە سندووقی جیهانیی سرووشت (WWF) دەڵێن، تەنانەت ئەگەر ئەورووپا رازی ببێت، "چەندین دەیەی پێویستە تاوەکو پرۆژە نوێیەکان لە جەمسەری باکوور دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن." واتە کێشەی کورتخایەنی وزە چارەسەر ناکات.
 
جگە لە ژینگە، مەترسیی ئەمنیش هەیە. دەریای بارێنتس زۆر نزیکە لە رووسیاوە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجێکی ئاسان. ئان کارین ساسەر هۆشداری دەدات، "بەهۆی کارێکی تێکدەرانەی سادەی رووسیا بۆ سەر بۆرییەکانی گاز لەوێ، نەک تەنیا نەرویج، بەڵکو دەتوانێت گورز لە تەواوی ئەورووپا بدات."