نەوت بە زیاتر لە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی لە سەرووی 100 دۆلار داخرا و دوو رۆژە نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕی ئێران کە پێی ناوەتە سێیەمین هەفتەی خۆی.
 
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنت 2.63 دۆلار بەرزبووەوە و بە 103 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 3 دۆلار بەرزبووەوە و بە 98 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە چەندین رێوشوێنیان گرتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لە نێوانیشیاندا کردنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە یەدەکی ستراتیژی وڵاتان.
 
ئیدارەی ئەمریکا بۆ ماوەی 30 رۆژ رێگەی بە هیندستان داوە نەوتی رووسیا بکڕێت.
 
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە، بە ئەگەری زۆرەوە شەڕ زوو کۆتایی پێنایەت.
 
بەردەوامی شەڕ نرخی نەوتی بۆ ماوەی دوو هەفتەی یەک لە دوای یەک بەرزکردووەتەوە و
لە ماوەی هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێت بەڕێژەی 10٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 38٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.