نرخی ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 4 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زیو 3.92٪ یاخود 3.28 دۆلار دابەزی و بە 80.61 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەم پێیە ئێستا کیلۆیەک زیو بە 2,592 دۆلارە.
لە گرێبەستەکانی ئاییندەشدا نرخی ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 4 دۆلار دابەزی و بە 81.34 دۆلارە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکییە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی کەمبوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێرانەوە.
هەرچەندە ناجێگیریی جیۆسیاسی بە شێوەیەکی گشتی خواست لەسەر زیو زیاد دەکات، بەڵام ئەگەری خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و بەردەوامیی هەڵاوسان رۆڵی زیوی وەک پەناگەیەکی ئارام سنووردار کردووە و وەبەرهێنەران روویان کردووەتە دۆلار.
هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار، وایکردووە پێشبینی نەکرێت ئەم ساڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا چەند جارێک رێژەی سوود کەمبکاتەوە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار هەڕەشەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان. ئەم گۆڕانکارییەش وا دەکات زیو، کە سوودی بانکیی نییە، بە بەراورد بە دۆلار کەمتر خواستی لەسەر بێت.