د. فازڵ نەبی: تەیف سامی فەرمانی خەرجکردنی مووچەی پێش جەژن داوە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ، هیوایەک هەیە پێش جەژن مووچەی مانگی سێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش بکرێ.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، بەپێی زانیارییەکانی ئەو، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی داوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەموو عێراق پێش جەژن، بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
د. فازڵ ئاماژەی بەوەدا، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە رووی لۆجستییەوە کاتی دەوێ و کارێکی ئاسان نییە، چونکە پرۆسەی دەرکردنی قەواڵەکان و وەرگرتنی پارەکە لە بانکی ناوەندی پێویستی بە کاتە.
فازڵ نەبی گوتیشی: "هیوایەک هەیە کە پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش بکرێ، بەڵام ناتوانم 100% دڵنیایی بدەم."
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بەم دۆخەی ئێستا، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای کۆکردنەوەی 120 ملیار دیناری مانگانەی نابێت، بەڵام دەکرێ بەغدا رەچاوی دۆخەکە بکات و بڕەکەی کەمبکاتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، 10ـی ئاداری 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا و تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی هەمان هەفتە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
قسەکانی بریکارەکەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ شەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
دەستکاریکردنی یەدەگی دراو
بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق رۆژانە 2.9 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە. ئێستا عێراق رۆژانە کەمێک زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
بەوهۆیەوە ئەگەری دەستکاریکردنی یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بووەتە رۆژەڤ. یەدەگی بانکی ناوەندی، 97.43 ملیار دۆلارە.
بانکەکە رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕی ئێرانیش بەردەوام بێت، ئەو یەدەگەی هەیەتی، بەشی 12 مانگ مووچە دەکات.
عێراق مانگانە نزیکەی 8 تریلیۆن دینار خەرجی و 10.6 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە.
د. فازڵ نەبی رایگەیاند، بانکی ناوەندی بەشێک نییە لە حکومەت، بەڵکو بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و خاوەنی سەربەخۆیی و یاسای تایبەت بە خۆیەتی. بەپێی یاسای بانکی ناوەندی، "حکومەت ناتوانێت هیچ قەرزێک لە بانکی ناوەندی وەربگرێ و مافی ئەوەی نییە هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری بانکەکەدا بکات."
بانکی ناوەندی بەرپرسە لە سیاسەتی نەختینەیی. وەزارەتی داراییش بەرپرسە لە سیاسەتی دارایی. بۆیە پێویستە هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەبێت.
د. فازڵ نەبی ئاماژەی بە ئەزموونێکی ساڵی 2015 کرد، کاتێک عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە تووشی کێشەی دارایی بوو و پێویستی بە قەرزێکی سنووردار بوو کە نزیکەی ملیار دۆلار بوو. بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەوکاتە بانکی ناوەندی رەتیکردەوە قەرزەکە بداتە حکومەت، چونکە یاساکەی رێگەی پێنەدەدا.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، د. فازڵ نەبی، ئەوکات چارەسەرێکی پێشنیاز کردبوو کە ئێستاش پێی وایە دەکرێت پەیڕەو بکرێت.
میکانیزمەکە بەم شێوەیەیە کە وەزارەتی دارایی "قەواڵەی دارایی" دەردەکات و دەیفرۆشێت بە بانکە حکومییەکانی وەک رافیدەین و رەشید.
د. فازڵ دەڵێت، ئەو بانکانە پارەی پێویستیان نییە بۆ کڕینی ئەو قەواڵانە، بەڵام مافی ئەوەیان هەیە "داشکاندنی دووبارە"ـیان لە بانکی ناوەندی بۆ بکەن. پاشان، بانکی ناوەندی لە بەرامبەر وەرگرتنی قەواڵەکان، پارەی نەخت دەداتە بانکەکانی رافیدەین و رەشید و دواجار، ئەو بانکانە پارەکە دەدەنە وەزارەتی دارایی.
بەم شێوەیە، حکومەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پارە لە بانکی ناوەندی وەردەگرێ و لایەنی مامەڵەکەشی لەگەڵ بانکەکانی رافیدەین و رەشید دەبێت، نەک بانکی ناوەندی.
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق هۆشداری دا لە مەترسیی دەستبردن بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی و رایگەیاند: "یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بانکی ناوەندی، پاراستنی بەهای دراوی عێراقییە بەرامبەر دراوە بیانییەکان، بەتایبەتی دۆلار. دەستبردن بۆ یەدەگی دراو، دەکرێت بەهای دینار بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت".
بەپێی دوایین راپۆرتەکان، بانکی ناوەندی نزیکەی 90 تریلیۆن دیناری عێراقی چاپ کردووە. بۆ پاراستنی بەهای دینار، پێویستە بانکی ناوەندی بە بەهای نزیکەی 90 تریلیۆن دینار یەدەگی دراوی بیانی هەبێت. د. فازڵ گوتی: "ئەو بڕە هێڵی سوورە و نابێت بە هیچ شێوەیەک دەستی لێ بدرێت، ئەگەرنا کارەسات روودەدات و بەهای دیناری عێراقی وەک دراوی سووریا و ئێرانی لێدێت."
"ترس لەسەر مووچە نییە"
بە پشتبەستن بەو میکانیزمە و بوونی یەدەگی پێویست، د. فازڵ نەبی دڵنیایی دەڵێت کە "ترس لەسەر مووچەی فەرمانبەران بۆ شەش بۆ حەوت مانگی داهاتوو نییە."
فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەدا کە کەسایەتیی عەلی عەللاق، پارێزگاری ئێستای بانکی ناوەندی، نەرمە و ئەگەری هەیە هاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێکارە، بە پێچەوانەی پارێزگارەکانی پێشووتر.
جگە لە قەرزکردن، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە چەند سەرچاوەیەکی دیکەی داهات کرد کە حکومەت دەتوانێت کاریان لەسەر بکات. یەکێکیان داهاتی نەوتی بەکاربردنی ناوخۆییە، کە رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکرێ، بەڵام داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بەهای ئەم نەوتە بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا دەخەمڵێندرێت.
هەروەها زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی دەروازە سنوورییەکان، بەتایبەتی لە بەندەرەکانی سەفوان و ئوم قەسر، سەرچاوەیەکی دیکەیە. لەگەڵ ئەمانەشدا، رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، کە توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە، دەتوانێت داهاتێکی زیاتر بۆ عێراق دابین بکات.