شەڕی ئێران، نرخی فستقی گەیاندە بەرزترین ئاستی 8 ساڵی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێنوێنی دامەزراوەی ئێکسپانای ئەمریکی کە تایبەتە بە نرخی کاڵاکان، نرخی فستق گەیشتە 4.57 دۆلار بۆ هەر پاوەندێک، واتە کیلۆی بە 10 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی فستقە لە ئاداری 2018ـەوە تۆمار کرابێت.
بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێرانەوە کێشە بۆ دابینکردنی فستق لە جیهاندا دروستبووە، خواستیش لەسەری زۆرە.
نیک مۆس، شرۆڤەکاری بازاڕی چەرەسات لە دامەزراوەی ئێکسپانا دەڵێت، بازرگانیی فستقی ئێران پێش جەنگیش بەهۆی سزا و کێشە جیۆسیاسییەکانەوە ئاڵۆز بووە و دابینکردنی ئەو بەرهەمەی سنووردارکردووە.
لەدوای ئەمریکا، ئێران دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری فستقە لە جیهان دا، لە ساڵی 2024ـدا ئەو وڵاتە زیاتر لە 200 هەزار تۆن فستقی بەرهەمهێناوە، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2025ـیش بەرهەمی فستقی ئەو وڵاتە 250 هەزار تۆنی تێپەڕاندبێت.
نیک مۆس دەڵێت، دەستپێکردنی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتدا دۆخەکەی خراپتر کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی ئەو فستقەی کە بەردەستە و گەیاندنی بۆ بازاڕەکانی جیهان قورستر بووە.
خواست لەسەر فستق لە ئاستی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی "شوکڵاتەی دووبەی" کە فستقێکی زۆری تێدا بەکاردەهێةدرێت، لە کۆتایی ساڵی 2023 لە تیکتۆک و ئینستاگرام بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەوە و بووە هۆی زیادبوونی خواست لە ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا، ئێران نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی فستقی جیهان و یەک لەسەر سێی هەناردەکەی پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا ئەمریکا نزیکەی 40%ـی بەرهەم و نیوەی هەناردەی جیهان دابین دەکات.
گیانا رانجان داس، بەرپرسێکی کۆمپانیای 'کڕاون پۆینت' کە تایبەتە بە دابینکردنی فستق، دەڵێت، "بەهۆی شەڕەوە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی، لە 2ـی ئادارەوە هەموو داواکارییە نوێیەکان بۆ گواستنەوەی بار بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رابگرن."
داس دەڵێت، "پێدەچێت ئایسکرێمەکانی ئەم هاوینە تامی فستقیان تێدا نەبێت، یان تامی کەمتر بێت."