پێشبینی دەکرێت 18ـى ئایار دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت 18ـى ئایار پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق لە پەرلەمانی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، گواستنەوە و جێگۆڕکێکردن لە بودجە دەکرێت و رەشنووسی کۆتایی دەخەنە دەنگدانەوە.
رۆژی یەکشەممە، 14ـى ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانى تەندروستى و بەرگریی عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى بودجەى ئەو وەزارەتانە لە بودجەى گشتى وەک ئامادەکارى بۆ تەواوکردنى گفتوگۆکان، بەر لەوەى پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق کار لەسەر گواستنەوە و ئاڵوگۆڕى بودجەى هەندێک وەزارەت دەکات بۆ سەر هەندێک وەزارەتى دیکە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو رۆژى 18ـى ئایار پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى ئامادەبێت بۆ دەنگدان لەنێو پەرلەمان".
10ـى ئایارى 2023، نوێنەرانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کە پێکهێنەرى حکومەتى ئێستاى عێراقن، کۆبوونەوە و رایانگەیاند، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت.
جەمال کۆچەر گوتى، "بڕیار بوو راپۆرتێکى سەرەتایی بۆ هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت ئامادە بکەین، بەڵام ئەو هەنگاوە نانرێت و راستەوخۆ رەشنووسی پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکرێت بۆ دەنگدان".
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ماوەى سێ ساڵە و قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و زیاتر لە 16 تریلیۆن دنیارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
14ـى ئایارى 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاوەڕوان دەکەین ئەم هەفتەیە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راپۆرتی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات تاوەکو بخرێتە نێو کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە".